سەردێڕ:

وەزارەتی نەوتی عێراق: رۆژانە ٣٢ ملیۆن لیتر بەنزین لە تەواوی عێراقدا بەکاردەهێنرێت

PM:09:54:01/04/2024

720 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، رۆژانە لە تەواوی وڵاتدا ٣٢ ملیۆن لیتر بەنزین بەکاردەهێنرێت و ٨٢٪ ئەو بەنزینەی بەکاردەهێنرێت لە جۆری نۆرماڵە.


ئەمڕۆ دووشەممە، حوسێن تالب بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، ئەوەی زۆر گرنگە بۆ ئەوان دەبینکردنی بەنزینی نۆرماڵە بەو نرخەی ئێستا کە ٤٥٠ دینارە بۆ هەر لیترێک.

ئاماژەی بەوەش کرد، رۆژانە لە تەواوی وڵاتدا ٣٢ ملیۆن لیتر بەنزین بەکاردەهێنرێت و بە رێژەی ١٨٪ـی ئەو بەنزینەی رۆژانە بەکاردەهێنرێت لە جۆری سوپەر و موحەسەنە، چونکە زۆرینەی هاوڵاتییان بەنزینی جۆری نۆرماڵ بەکاردەهێنن بەوپێیەی ٨٢٪ ئەو بەنزینەی رۆژانە بەکاردەهێنرێت لە جۆری نۆرماڵە.

ئەوەشی خستە روو، بەنزینی جۆری موحەسەن بە رێژەی ٨٠٪ لە دەرەوە هاوردە دەکرێت و کۆی بەکارهێنانی دەکاتە چوار ملیۆن و نیو لیتر لە رۆژێکدا، بەڵام بەنزینی سوپەر ئەو بڕەی هەیە سەرجەمی لە دەرەوە هاوردە دەکرێت و نرخی هەر لیترێک نزیکەی هەزار و ٤٠٠ دینارە.

باسی لەوەش کرد، لە ساڵی ٢٠٢٣دا رۆژانە ١٤ بۆ ١٥ ملیۆن لیتر بەنزینیان هاوردە دەکرد، تێچووی هەر لیترێک نزیکەی هەزار دینار بوو، بەڵام ئێستا دوای ئەوەی پاڵاوگەی کەربەلا چووە خزمەتەوە، حەوت لیتر و نیو بۆ هەشت لیتر هاوردە دەکەن و ئەو بڕەش کەم دەبێتەوە بۆ چوار ملیۆن لیتر ئەگەر پاڵاوگەی باکوور دەست بە بەرهەمهێنان بکات.













گەلەری