سەردێڕ:

عێراق لە سووتاندنی غازەوە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا

AM:09:38:01/04/2024

1156 جار خوێندراوەتەوە

‎وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، بە مەبەستی فراوانکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی غاز بۆ دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، گرێبەستی دروستکردنی چەند وێستگەیەکی کارەبایان لەگەڵ دوو کۆمپانیای بیانی واژۆ کردووە. دەشڵێت، "بە بەکارهێنانەوەی ئەو غازەی لە کێڵگەکانەوە بەفیڕۆ دەچێت دوو هەزار مێگاوات کارەبا زیاد دەکەین".


‎ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، بۆ زیادکردنی وەبەرهێنانی غاز و دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، حەیان عەبدولغانی وەزیری نەوت و سامانە سروشتییەکانی عێراق لەگەڵ کریستیان برۆچ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سێمێنزی ئەڵمانی و بەڕێوەبەری کۆمپانیای شەڵەمبەرگیری ئەڵمانی گرێبەستی وزەیان واژۆ کرد.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەگوێرەی رێکەوتنەکە هەردوو کۆمپانیا بیانییەکە ئاستی بەرهەمهێنانی غاز بۆ ۲٤٠ ملیۆن پێ سێجا بەرز دەکەنەوە، ئەو غازەشی کە لە کێڵگە نەوتییەکاندا بەفیڕۆ دەچێت بەکاری دەهێننەوە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە ۱٥ وێستگەی کارەبای نوێی کۆمپانیای سێمێنزدا.

باس لەوەش کراوە، کریستیان برۆچ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سێمێنزی ئەڵمانی لە بەرلین لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری عێراق رایگەیاندووە، هەوڵی تەواو دەدەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کەرتی وزەی عێراق، بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاسانکاری تەواویان بۆ کراوە. وتیشی، "بە سێ قۆناغ بەرهەمهێنانی کارەبا بەرز دەکەینەوە".

لەلایەکی تریشەوە، موهەندەد ئەلسەفار بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سێمێنز لە عێراق رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان لە ئێستادا لە عێراق ئامادەیە بۆ هاوکاریکردنی وەزارەتی کارەبا لە زیادکردنی رێژەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی وزە و دابەشکردنی کارەبا لەگەڵ بەرزکردنەوەی توانای تۆڕی نیشتمانی کارەبای عێراق.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی زیادکردنی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبادا چەندین پارچە زەوی گەورە ئامادە کراوە بۆ ئەوەی کارەبا لە رێگەی تیشکی خۆرەوە بەرهەمبهێنن. وتیشی، "کار دەکەین بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی باوە لە پارێزگای واست".













گەلەری