سەردێڕ:

حکومەتی عێراق: تا ناوەڕاستی ٢٠٢٥ دەگەینە ئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمهێنانی بەنزین

PM:05:28:31/03/2024

708 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، حکومەت ساڵانە بە بەهای چوار ملیار دۆلار و بڕی چوار ملیۆن و ٩٩٢ هەزار لیتر بەنزین لە جۆری سوپەر و محەسەن هاوردە دەکات. دەشڵێت، " تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو دەگەینە ئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمهێنانی بەنزیندا".


ئەمڕۆ یەکشەممە، باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو لە بەرهەمهێنانی بەنزینی سوپەر و محەسەندا دەگەنە ئاستی خۆبژێوی.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لە ئێستادا حکومەت بڕی چوار ملیار دۆلار بۆ هاوردەکردنی بەنزینی سوپەر و محەسەن خەرج دەکات، بەڵام گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمهێنانی بەنزین وا دەکات کۆتایی بە هاوردەکردن بهێنرێت و ئەو بڕە پارەیە بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێتەوە.

باسی لەوەش کردووە، لەدوای گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی لە بەرهەمهێنانی بەنزیندا، بەنزین بە کوالێتییەکی بەزرتر و بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هاوڵاتیان دابین دەکەن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ١٥ـی مانگی ئازار حوسێن تالیب بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، گەیشتن بە خۆبژێوی لە بەرهەمە نەوتییەکان و کۆتایی هێنان بە هاوردەکردنیان پەیوەستە بە تەواوکردنی پڕۆژەکانی پاڵاوگە نیشتیمانییەکان.

ئاماژەی بەوەش کرد، دوای کردنەوەی پاڵاوگەی کەربەلا و کارپێکردنی، هاوردەکردنی بەرهەمی بەنزین لە ١٤ ملیۆن لیترەوە کەم کرایەوە بۆ حەوت ملیۆن لیتر، هەروەها کۆتایی هێنرا بە هاوردەکردنی رۆن و نەوتی سپی.













گەلەری