سەردێڕ:

وتەبێژی حکومەتی عێراق: پارەى مووچەى ئەمساڵ لە بودجەدا دابینکراوە

PM:11:11:30/03/2024

1172 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژى حکومەتى عێراق رایگەیاند، پارەى مووچەى ئەمساڵ کە بڕەکەى ٦٩ ترلیۆن دینارە دابین کراوە و هیچ مەترسییەکى لەسەر نییە. دەشڵێت، "لە ماوەى دوو هەفتەدا ئەنجومەنى وەزیران بودجەى ٢٠٢٤ پەسەند دەکات".


ئەمڕۆ شەممە، باسم عەوادی وتەبێژى حکومەتى عێراق لە چاوپێکەوتنێکى تەلەفیزیۆنیدا رایگەیاند، ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فتەى داهاتوو‌دا خشته‌ی بودجه‌ بۆ ساڵى ٢٠٢٤ په‌سه‌ند ده‌كات و ره‌وانه‌ی په‌رله‌مانی ده‌كات.

ئاماژەی بەوەش کرد، پارەى مووچە بۆ ئه‌مساڵ بە تەواوى دابینكراوه‌ و هیچ كێشه‌یه‌ك دروست نابێت کە كۆی گشتی بڕەکەى ٦٩ ترلیۆن دیناره‌.

له‌باره‌ی ناردنی بودجه‌ بۆ پارێزگاكان و پڕۆژه‌ خزمه‌تگوزارییه‌كان باسی لەوە کرد، رۆژى یه‌كشه‌ممه‌ ٣١ـی ئازار وه‌زیری دارایی ده‌ست به‌ دابینكردنی پارە بۆ پارێزگاكان ده‌كات.

ئەوەشی خستە روو، په‌یوه‌ندییەکان له‌گه‌ڵ گه‌نجینه‌ی ئه‌مریكا نه‌وه‌ستاوه‌ و به‌رده‌وامه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كار بۆ په‌ره‌پێدانی كاری بانكی له‌ عێراق ده‌كرێت.

هەر لەوبارەیەوە، مەزهەر ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، خەرجییەکانی بودجەی ئەمساڵی عێراق تایبەت دەبێت بە وەبەرهێنان لە کەرتی ئابووری و گەشتیاری لەسەرجەم ناوچە جیاوازەکانی عێراقدا. وتیشی، "ئەمساڵ عێراق لە رووی وەبەرهێنانەوە ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات".

پێشتریش، عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ـی عێراق بەمەبەستی پێداچوونەوە و هەموارکردنەوەی بهێندرێتە پەرلەمانی عێراق. وتیشی،" بودجەی ئەمساڵ هیچ گرفتێکی دارایی تێدا نییە و مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانیش پارێزراو دەبێت".

لەلایەکی تریشەوە، وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی رێکار و پلانەکانەوە توانراوە کە رێگە لە قەیرانی دارایی بگیرێت و هەنگاوەکانیشیان بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنانە لە بودجەی ئەمساڵ و ساڵی داهاتوودا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، بڕەکەی ١٩٨ ترلیۆن و ٦٨٣ ملیار و ٧١٩ ملیۆن و ٤٧٢ هەزار دینار بۆ هەر ساڵیک و نرخی بەرمیلێک نەوتیش بە ٧٠ دۆلار جێگیرکرا و نرخی ١٠٠ دۆلاریش بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی کە هەزار و ٣٠٠ دینارە پەسەندکراوە، هاوکات، ٦٤ ترلیۆن دیناری بە کورتهێنان روودەدات کە داواش لە وەزیری پلاندانان کراوە ئەو رێژەیە کەمتر بکرێتەوە.













گەلەری