سەردێڕ:

لەماوەی ١٠ مانگدا عێراق بە بەهای نزیکەی هەشت ملیار دۆلار کاڵای لە ئێرانەوە هاوردە کردووە

PM:07:23:30/03/2024

652 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی ١٠ مانگدا عێراق بە بەهای حەوت ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار کاڵا و شتومەکی لە ئێرانەوە هاوردە کردووە.


ئەمڕۆ شەممە، وەزارەتی بازرگانی ئێران رایگەیاند، لە ٢١ـی ئازاری ٢٠٢٣ـەوە تاوەکو ٢١ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤، ئێران نزیکەی ١١٣ ملیۆن تۆن کاڵای بە بەهای ٤٠ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار هەناردەی وڵاتان کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەو ماوەیەدا وڵاتی چین بە پلەی یەکەم هاتووە لە هاوردەکردنی کاڵا لە ئێرانەوە بە بەهای ١١ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار، دواتر عێراق بە پلەی دووەم دێت، کە بە بەهای حەوت ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار کاڵای لە ئێرانەوە هاوردە کردووە.

ئەوەشی خستە روو، بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢ بە رێژەی ١٣٪ بەهای هاوردەکردنی شتومەک و کاڵا لەلایەن عێراقەوە لە ئێران کەمی کردووە.

هاوکات، هەناردەی کاڵا و پێداویستیەکانی عێراق بۆ تورکیا لە دوو مانگی سەرەتای ئەمساڵ بە رێژەی ٤٧٪ زیادی کردووە بۆ ٢٣٦ ملیۆن دۆلار، لە کاتێکدا عێراق لە دوو مانگی سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ـدا رێژەی هەناردەی ١٦٠ ملیۆن دۆلار بووە بۆ ئەو وڵاتە.













گەلەری