سەردێڕ:

میکانیزمێکی نوێ بۆ پێدانی قەرزی خانووبەرە جێبەجێ دەکرێت

PM:06:07:30/03/2024

1508 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی لیژنەی وەبەرهێنان و پەرەپێدان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەڕێگەی میکانیزمێکی نوێوە کارئاسانی بۆ پێدانی قەرزی خانووبەرە دەکرێت و گەڕاندنەوەی قەرزی خانووبەرە لە ٢٠ ساڵەوە بۆ ١٥ ساڵ کەم دەکرێتەوە، رێژەی سوودیش تەنها ٣٪ دەبێت.


ئەمڕۆ شەممە، حەسەن خەفاجی سەرۆکی لیژنەی وەبەرهێنان و پەرەپێدان لە پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لەپێناو بەرژەوەندی هاوڵاتیان و پەرەپێدانی پڕۆژەکان، لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی و عەباس جەواهیری بەڕێوەبەری بانکی خانووبەرە لەسەر میکانیزمێکی نوێی قەرزی خانووبەرە رێککەوتن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بەگوێرەی میکانیزمە نوێیەکە وادەی گەڕاندنەوەی قەرزەکان لە ٢٠ ساڵەوە بۆ ١٥ ساڵ کەم دەکرێتەوە، رێژەی سوودیش تەنها ٣٪ دەبێت کە ئەوەش لە بەرژەوەندی هاوڵاتیاندا دەبێت.

باسی لەوەش کردووە، بڕی قەرزەکان لەلایەن بانکی خانووبەرە بۆ نیشتەجێبوون دابین دەکرێت و بە ٤٠ ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت.

ئەوەشی خستووەتە روو، لە کۆبوونەوەکەدا رێککەوتن لەسەر ئەوەش کراوە کە هەوڵەکانی بانکی ناوەندی و بانکی خانووبەرە بۆ زیادکردنی سەرمایەی بانکی خانووبەرە لە ٥٠ ملیار دینارەوە بۆ پێنج یان ١٠ ترلیۆن دینار بەردەوام بێت.

وتیشی، "جەختمان لە جێبەجێکردنی ١٤٥ پڕۆژەی نیشتەجێبوون لە سەرتاسەری عێراق کردووەتەوە، لەدوای ٢٥ـی نیسانیش ئەندامێکی دیکە بۆ پەرەپێدانی میکانیزمە نوێیەکانی تایبەت بە قەرزی نیشتەجێبوون بۆ لیژنەکەمان زیاد دەکرێت".

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٣ـی مانگی ئازار، عەمار خەڵەف جێگری پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، قەرزی خانووبەرە نەوەستاوە و بەردەوامە، لە ئێستاشدا بانکەکان هیچ کێشەیەکی کەمی دیناریان نییە بۆیە دەتوانن سەرجەم بانکە حکومییەکان بەمەبەستی دەستەبەری خانووبەرە پارەدار بکەن. دەشڵێت، "هاوڵاتییان دەتوانن بەبێ هیچ گرفتێک قەرزی خانووبەرە وەربگرن".













گەلەری