بەگوێرەی راپۆرتیکی میدیا عەرەبییەکان، برنج بە یەکێک لە سەرەکیترین خواردنەکانی وڵاتانی عەرەبی دادەندرێت، بەتایبەت لە عێراق کە لە ریزبەندی یەکەمی وڵاتانی عەرەبیدایە بۆ خواردنی برنج و لە ریزبەندی شەشەمی هاوردەکارانی برنجی جیهانە.
ئەمڕۆ شەممە، میدیا عەرەبییەکان لە راپۆرتێکدا سەبارەت بە خواست لەسەر ماددە خۆراکییەکان بڵاویان کردەوە، خۆراکی سەرەکی دانیشتوانی عێراق برنجە و لە ریزبەندی وڵاتانی عەرەبیشدا؛ عێراق لە ریزبەندی یەکەمی هاوردەکارانی برنجدایە.
ئاماژە بەوەش کراوە، عێراق بە تێکڕا مانگانە
بە بەهای ملیارێک و ١١ ملیۆن دۆلار برنج لە وڵاتانی جیهانەوە هاوردە دەکات.
باس لەوەش کراوە، لەسەر ئاستی جیهان عێراق لە
ریزبەندی شەشەمی وڵاتانی جیهاندایە بۆ هاوردەکردنی برنج و لە ئێستاشدا توانای بەرهەمهێنانی
برنج لە عێراق گەیشتووەتە ٢٠ هەزار تۆن. دەشڵێت، " هندستان لە پلەی یەکەمی بەرهەمهێنەران
و هەناردەکارانی برنجە کە بە تێکڕا ١٤٩ ملیۆن تۆن برنج بەرهەم دەهێنێت".
ئەوەش لە کاتێکدایە، بەگوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی
خۆراک و کشتوکاڵی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ساڵ بە ساڵ خواست لەسەر خواردنی
برنج لەلایەن عێراقییەکانەوە زیادە دەکات و بە تێکڕاش هەر هاوڵاتیەکی عێراق ساڵانە
لە نێوان ٣٥ بۆ ٤٥ کیلۆ برنج بە پێی پێویستی دەخوات.