سەردێڕ:

چەکدارێک هۆڵەندای خستە دۆخی لەناکاوەوە

PM:02:38:30/03/2024

5216 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری شارەوانی ئێدە رایگەیاند، چەکدارێکی نەناسراو کە لەژێر کاریگەری ماددە هۆشبەرەکاندا بووە بە چەکی ئۆتۆماتیکەوە هەڵی کوتاوەتە سەر کافتریایەک و بەهۆیەوە ١٥٠ ماڵ ناوچەکەیان چۆڵ کردووە و هاتوچۆی گشتیش لە ناوچەکەدا راگیراوە. دەشڵێت، "رووداوەکە هۆڵەندای خستووەتە دۆخی لەناکاوەوە".


ئەمڕۆ شەممە، بەڕێوەبەری شارەوانی ئێدە بە ئاژانسی هەواڵی هۆڵەندای راگەیاند، لە کاتژمێر ١١ـی پێش نیوەڕۆوە، چەکدارێکی نەناسراو لەژێر کاریگەری ماددە هۆشبەرەکاندا و بە چەکی ئۆتۆماتیک هەڵی کوتاوەتە سەر کافتریایەک و چەند کەسێکی بە بارمتە گرتووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، دوای تێپەڕبوونی چوار کاتژمێر، توانراوە سێ بارمتەی ناو کافتریاکە لەلایەن پۆلیسەوە ئازاد بکرێن و چەکدارەکەش دەستگیر کراوە. وتیشی، "حاڵەتەکە بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس لە ناوچەکەدا کە بەهۆیەوە ١٥٠ ماڵ ناوچەکەیان جێهێشتووە و جوڵەی شەمەندەفەر و هاتوچۆی گشتی ناوچەکە راگیراوە".

باسی لەوەش کرد، هێزەکانی پۆلیس بە چڕی دەستیان بە لێکۆڵینەوەکانیان کردووە و تا کاتی تەواوبوونی لیکۆڵینەوەکانیش، ناتوانن بە دیاریکراوی پاڵنەر و هۆکاری ئەو رووداوە ئاشکرا بکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بۆ یەکەمجارە لەو ناوچەیەدا رووداوێکی لەو جۆرە رووبدات کە بەهۆیەوە سەرجەم جوڵەی هاتوچۆ و قوتابخانەکان و گەڕەکەکان پەک خراوە.

رۆژی هەینی، ٢٢ـی ئەم مانگە، ھێرشێکی چەکداری کرایە سەر ھۆڵێکی کۆنسێرت لە کرۆکۆس ستی لە مۆسکۆ، دواتر گرووپە چەکدارییە توندڕەوەکان بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەنجامدانی ھێرشەکە راگەیاند.













گەلەری