سەردێڕ:

راوێژکارێکی سودانی بۆ ئێن ئاڕ تی: بودجەی ئەمساڵ تایبەت دەبێت بە وەبەرهێنان

PM:01:38:30/03/2024

848 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، خەرجییەکانی بودجەی ئەمساڵی عێراق تایبەت دەبێت بە وەبەرهینان لە کەرتی ئابووری و گەشتیاری لەسەرجەم ناوچە جیاوازەکانی عێراقدا. دەشڵێت، "ئەمساڵ عێراق لە رووی وەبەرهێنانەوە ئاستێکی بەرز پێشکەش دەکات".


ئەمڕۆ شەممە، مەزهەر ساڵح راوێژکاری دارایی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبارەی خەرجییەکانی بودجەوە بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بودجەی ئەمساڵ بۆ پڕۆژەی وەبەرهێنان لە سەرجەم کەرتەکانی عێراق و بەتایبەتیش کەرتی گەشتیاری تەرخان کراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بە گوێرەی یاسای ژمارە ١٣ـی ساڵی ٢٠٢٣ـی بودجە، بە تەواوی دەسەڵات دراوە بە گۆڕانکاری لە بڕی خەرجییەکاندا، بۆیە ئەمساڵ خەرجییەکانی عێراق تەرخانکراوە بۆ پرۆژەکانی وزە و ئابووری عێراق و ئەوەش دەبێتە هۆی فراوانبوونی ئاستی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و بیانی.

باسی لەوەش کرد، بە گوێرەی هەوڵەکانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و وەزارەتی پلاندانانی عێراق، چەندین کۆمپانیایی بیانی بە مەبەبستی وەبەرهێنان لە کەرتی وزە و کشتوکاڵدا بانگێشتی عێراق کراون و چەندین کۆمپانیای بیانیش تەرخان کراون بۆ تەواوکردنی پڕۆژە تەواونەکراوەکان.

وتیشی، "خەرجی وەبەرهێنان سەرجەم پارێزگاکان بەبێ جیاوازی دەگرێتەوە و هەر پارێزگایەک بە گوێرەی پلانەکانیان بۆ وەبەرهێنان لە کەرتی ئابووری و گەشتیاری و وزە و کشتوکاڵیدا پارەی بۆ تەرخانکراوە".

لەلایەکی تریشەوە، وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، گۆڕانکارییەکی فراوان لە بودجەدا کراوە و دەتوانن بڵێن بودجەیان لە خەرجی مووچەوە گۆڕیوە بۆ بودجەی وەبەرهێنان بەتایبەت لە کەرتی نانەوتیدا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بودجەی ئەمساڵ گەورەترین بودجە دەبێت لە مێژووی عێراقدا کە سەرجەم خەرجییەکانی لە خزمەتی وەبەرهێنان و شایستە داراییەکاندایە.

هـ.ش













گەلەری