سەردێڕ:

مووچەی مامۆستایان و خانەنشینانیان زیاد دەکرێت

PM:12:11:30/03/2024

26336 جار خوێندراوەتەوە

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بە بڕیاری سەرۆک وەزیرانی عێراق لە نووسراوی ژمارە ٤٦٦ـی ئەنجوومەنی وەزیران، بڕیاردراوە بە زیادکردنی ١٠٠ هەزار دینار بۆسەر مووچەی مامۆستایان. دەشڵێت، "مامۆستایانی خانەنشینیش دەگرێتەوە".


بەپێی راگەیاندراوێکی نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە بۆ دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕ تی ناردووە، لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رێکارەکانی زیادکردنی مووچەی مامۆستایان دەستی پێکردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەر مامۆستایەک بڕی ١٠٠ هەزار دینار بۆسەر مووچەکەی زیاد دەکرێت ئەوەش لەپای سوپاس و پێزانینی حکومەتە بەرامبەر بە هەوڵەکانیان کە بەردەوامن لە فێرکردن و پێگەیاندنی پڕۆسەی پەروەردە. وتیشی، "سوودانی پێی راگەیاندوون کە مامۆستایان شایەنی زیاترن و پێویستە ئاسانکاری تەواویان بۆ بکرێت لە سەرجەم مامەڵەکانیاندا".

هاوکات هەر بە گوێرەی نووسراوە، ئەو بڕیارە بەمەبەستی گونجاندنی ژیان و بارودخۆی ئابووری مامۆستایانە لەگەڵ دۆخی ئابووری ناوخۆی وڵاتدا و سەرجەم مامۆستایانی وەزارەتی پەروەردە دەرگێتەوە لەگەڵ خانەنشینانی ئەو وەزارەتەش.

ئەوەش لە کاتێکدایە، هەر بە گوێرەی نووسراوێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەماوەی رابردوودا بڕیاردرا بە پێدانی ١٥٠ ملیۆن دینار وەک سولفەی خانووبەرە بە مامۆستایان بە قیستی ٢٠ ساڵ بەبێ هیچ زیادەیەک.

ئەمەش لە کاتێکدایە، مامۆستایانی هەرێم ماوەی ٥٧ رۆژە مووچەیان وەرنەگرتووە و لەماوەی ١٠ ساڵی رابردووشدا سەرەڕای پێنەدانی مووچەکانیان پلەبەرزکردنەوەکانیشیان لەلایەن هەردوو کابینەی ٨ و ٩وە راگیراوە.
هـ.شـ













گەلەری