سەردێڕ:

لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق: مووچەی مووچەخۆران لە بودجەدا پارێزراوە

PM:04:48:29/03/2024

10924 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ـی عێراق بەمەبەستی پێداچوونەوە و هەموارکردنەوەی بهێندرێتە پەرلەمانی عێراق. دەشڵێت،" بودجەی ئەمساڵ هیچ گرفتێکی دارایی تێدا نییە و مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانیش پارێزراو دەبێت".


ئەمڕۆ هەینی، عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی "بەغداد یەوم"ـی راگەیاند، بودجەی ئەمساڵی عێراق بە تەواوی ئامادەکراوە و بڕیاریشە بەمەبەستی پێداچوونەوە و دەنگدان لەسەر چەسپاندنی، لە هەفتەی داهاتوودا بهێندرێتە پەرلەمان.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ـدا هیچ گرفتێکی دارایی نییە و بەتەواوی بودجە وەک خۆی جێبەجێ دەکرێت، ئەوەش دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی دارایی عێراق جەختی لەوەکردەوە کە هیچ قەیرانێکی دارایی روونادات.

باسی لەوەش کرد، بودجەی ئەمساڵ بەراورد بە بودجەی ساڵانی رابردوو بە گەورەترین بودجە دادەندرێت کە بەتێکڕا پێکهاتووە لە ٢٢٨ ترلیۆن دیناری عێراقی. وتیشی،" لە بودجەی ئەمساڵدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی عێراق پارێزراوە و هیچ گرفتێک نییە لەبەردەم دواخستن و دابەشنەکردنی مووچەدا".

هاوکات لەو بارەیەشەوە، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەت دەستی بە ئامادەکردنی بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ کردووە و شایستە داراییەکانی سەرجەم پارێزگاکان زیاد دەکرێن.

لەلایەکی تریشەوە، وەزارەتی پلاندانانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەهۆی رێکار و پلانەکانەوە توانراوە کە رێگە لە قەیرانی دارایی بگیرێت و هەنگاوەکانیشیان بۆ کەمکردنەوەی کورتهێنانە لە بودجەی ئەمساڵ و ساڵی داهاتوودا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، بڕەکەی ١٩٨ ترلیۆن و ٦٨٣ ملیار و ٧١٩ ملیۆن و ٤٧٢ هەزار دینار بۆ هەر ساڵیک و نرخی بەرمیلێک نەوتیش بە ٧٠ دۆلار جێگیرکرا و نرخی ١٠٠ دۆلاریش بە نرخی فەرمی بانکی ناوەندی کە هەزار و ٣٠٠ دینارە پەسەندکراوە، هاوکات، ٦٤ ترلیۆن دیناری بە کورتهێنان روودەدات کە داواش لە وەزیری پلاندانان کراوە ئەو رێژەیە کەمتر بکرێتەوە.













گەلەری