سەردێڕ:

عەتوان عەتوانی: بودجەی ئەمساڵ گەورەترین بودجە دەبێت لە مێژووی عێراقدا

PM:03:17:27/03/2024

1204 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی فراوانکردن و لێکدانەوەیی بودجە میوانداریی وەزیری پلاندانانی عێراق کرا، کە زیاتر لە ١٠ ترلیۆن دیناری بۆ پرۆژەکان تەرخان کردبوو. وتیشی، " بودجەی ئەمساڵ گەورەترین بودجە دەبێت لە مێژووی عێراقدا".


ئەمڕۆ چوارشەممە، عەتوان عەتوانی سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بودجەی ساڵی ٢٠٢٤ بەراورد بە بودجەی ساڵی رابردوو بە بەهای ١٠ ترلیۆن دینار زیاترە لە ریژەی خەرجییەکاندا کە لەلایەن وەزیری پلاندانانەوە بۆ بنیاتنانی پرۆژەکان داواکراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ ئەو مەبەستە ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق میوانداری محەمەد تەمیمی وەزیری پلاندانانی عێراق کراوە و لە کۆبوونەوەکەشدا تاوتوێی هەنگاوەکان و پلانەکانی وەزارەتەکە بۆ ساڵی ٢٠٢٤ کراوە. وتیشی، "بەراورد بە بودجەی ساڵی ٢٠٢٣ خەرجی بە رێژەی ١٠ ترلیۆن دینار زیادیکردووە، ئەوەش بەمەبەستی تەواوکردنی پرۆژەکان و بنیاتنانی چەند پرۆژەیەکی تری ئابووری و گەشتیاریی بووە".

باسی لەوەش کرد، بۆیە بڕیاردرابوو بە داڕشتنەوەی بودجەی سێ ساڵە تا حکومەت و سەرجەم وەزارەتەکان کاتیان هەبێت بۆ پێداچوونەوە و فراواکردنی پلانەکانیان بۆ هەرساڵێکی ئابووریی بە گوێرەی یاسای بودجە.

ئەوەشی خستە روو، بودجەی ساڵی رابردوو ٢٠٥ ترلیۆن دینار بووە، پێشبینیش دەکرێت بودجەی ئەمساڵ نزیکەی ٢١٤ ترلیۆن دینار بێت.

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی ١٣ـی ئازاری ساڵی رابردوو پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵەکانی ٢٠٢٣-٢٠٢٥ لە ئەنجومەنی وەزیران پەسەند کرا و نێردرایە پەرلەمانی عێراق هاوکات بە گەورەترین بودجەی عێراق دادەندرێت لە مێژوودا و بە تێکڕاش خەرجی مووچە ٢٠ ترلیۆن دینار زیادیکردووە.













گەلەری