سەردێڕ:

گەشتوگوزاری عێراق: ساڵی رابردوو نزیکەی نیو ملیۆن گەشتیار سەردانی عێراقیان کردووە

AM:09:50:27/03/2024

1116 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزاری عێراق رایگەیاند، بەهۆی سەقامگیربوونی عێراق لە ساڵی رابروودا نزیکی نیو ملیۆن گەشتیاری بیانی سەردانی ناوچە جیاوازەکانی عێراقیان کردووە. دەشڵێت، " هەوڵدەدەین پشت بە کەرتی گەشتیاری ببەستین وەک سەرچاوەیەکی تری داهات".


ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەحمەد بەدرانی وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزاری عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بەراورد بە ساڵانی رابردوو ئاستی سەردانیکردنی ناوچە کلتوری و گەشتیارییەکانی عێراق لەلایەن گەشتیاری بیانیەوە زیادیکردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا بە تێکڕا زیاتر لە ٤٠٠ هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە جیاوازەکانی عێراقیان کردووە و لەسەرجەم کۆڕ وکۆڕبەندەکانیش داوایان کردووە کە ئاستی مەترسی لەسەر خاکی عێراق هەڵبگیرێت.

باسی لەوەش کرد، هەنگاو نراوە بۆ ئەوەی عێراق لە لیستی وڵاتە ناسەقامگیرەکاندا بێتە دەرەوە و بۆ ئەو مەبەستەش لە کۆڕبەندی وڵاتانی عەرەبی ناوچە گەشتیارییەکانی عێراق و ئاسایشی پاراستنی گەشتیارەکانیان تاوتوێکردووە.

وتیشی، " پێشبینی دەکەین ئاستی سەردانیکردنی گەشتیارانی ئەمساڵ بەرێژەی ٥٠٪ بەرزبوونەوە بەخۆیەوە ببینێت کە هاوکاردە بێت لە بەرزکردنەوەی داهاتی نانەوتی".

ئەوەش لە کاتێکدایە، وەزیری گەشتوگوزار لە ٢٥ـەمین کۆڕبەندی وڵاتانی عەرەبی رایگەیاند، لەلایەن چەند کۆمپانیایەکی ئیسپانی و فەڕەنسی و ئەمریکیەوە لە هەڵمەتێکی فراواندا هەوڵدەدرێت مۆزەخانەکان و ناوچە کلتورییەکانی عێراق نۆژەنبکرێنەوە، کەئەوەش دەبێتە هۆی راکێشانی سەرنجی زیاتری گەشتیاری لە ناوچەکەدا.













گەلەری