سەردێڕ:

سودانی: بەردەوامین لە بەرهەمهێنانی نەوت لەپێناو گەیشتن بە ئاستی خۆبژێوی

PM:08:16:25/03/2024

804 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی نەوت و سوتەمەنی لەپێناو گەیشتن بە ئاستی سەربەخۆیی و بەشێوەیەک پێویستیان بە هاوردەکردنی سوتەمەنی نەبێت.


ئەمڕۆ دووشەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، خێرایی گەشەپێدان لە کەرتی نەوتدا دەبێت هاوتا بێت لەگەڵ گەشەی خێرای کەرتەکانی دیکەدا لە ئابووری نیشتمانی و پاڵپشت بێت بۆ بەدیهێنانی خواستەکانی هاوڵاتیان و باشترکردنی بارودۆخی ژیانیان و پشتیوانیکردنی هەوڵەکانی بنیاتنانی ژێرخان لە بوارە جیاوازەکاندا.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەرنامەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی دەبێت بەشێوەیەک بن هاوڵاتی هیچ تێچوونێکی زیاتر یان بارگرانییەکی زیاتر لە ئەنجامی ئەم گۆڕانکارییەدا لەئەستۆ نەگرێت.

ئەوەشی خستە روو، بەردەوامن لە بەرهەمهێنانی نەوت و سوتەمەنی بە ئامانجی گەیشتن بە سەربەخۆیی و دابینکردنی بەکارهێنانی ناوخۆیی و پێویستی بە هاوردەکردن نەبێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، دوای کارپێکردنی پاڵاوگەی کەربەلا، بڕی هاوردەکردنی بەنزین لە ١٤ ملیۆن لیترەوە کەم کراوەتەوە بۆ حەوت ملیۆن لیتر، ئەوەش بووەتە هۆی دابەزینی هاوردەکردنی سووتەمەنی بە رێژەی ٥٠٪ بەراورد بە مانگی رابردوو. وتیشی، "تا کۆتایی ئەمساڵ پێویستمان بە هاوردەکردنی سووتەمەنی نامێنێت".













گەلەری