سەردێڕ:

سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق: بۆ عەمبارکردنی ئاو سوودمان لە ئاوی باراناو بینیوە

AM:09:54:25/03/2024

1084 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەرتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ وڵاتانی هاوسێی عێراقدا سەبارەت بە سێ هۆکاری ستراتیژی دانوستانیان کردووە بۆ ئەوەی پشکی ئاوی عێراق بدەن. دەشڵێت، "لە رێگەی چەند رێکارێکی نوێوە سوود لە ئاوی باراناو دەبینین بۆ ئەوەی لە هاویندا بەکاریبهێنینەوە".


ئەمرۆ دووشەممە، خالید شمال وتەبێژی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا کار لەسەر سێ هۆکاری سەرەکی و ستراتریژی دەکەن لە دانوستانەکانیاندا، بۆ ئەوەی لە وەرزی هاویندا پشکی ئاوی عێراق بدەن.

ئەوەشی خستووەتە روو، سەردانەکانی پێشووی شاندەکانی عێراق بۆ ئێران و تورکیا و سوریا کاریگەری بەرچاوی هەبوو لەسەر ئەوەی بگەن بە دانوستان تا لە وەرزی گەرمادا عێراق بێ ئاو نەبێت، بە مەبەستی خواردنەوە و بەکارهێنانی لە کشتوکاڵدا.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەمساڵ بە شێوەیکی بەرچاو سوودیان لە ئاوی باراناوی ئەم دواییەی عێراق بینیوە و لە رێگەی دەریاچە دەستکردەکانەوە عەمباریان کردووە، بۆ ئەوەی جوتیاران لە وەرزی هاویندا بەکاری بهێننەوە.

وتیشی، وەزارەتەکەیان هەموو هەوڵێکی گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی بەرەنگاری وشکەساڵی ببێتەوە و عێراق خاوەنی ئاوی عەمبارکراوی پێویست بێت لە هەر ئەگەرێکدا.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا عەون زیاب وەزیرى سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، ئاستى ئاو لە بەنداوەکانى موسڵ، دووکان، دەربەندیخان، حەمرین و عوزێم بەشێوەیەکى بەرچاو زیادى کردووە و ئاوى پێویستیش بۆ باشور و ناوەڕاستى عێراق بەردەدرێتەوە.

وتیشی، "یەدەگى ئاوى عێراق لە حەوت ملیار مەترى سێجاوە بۆ ١٠ ملیار مەترى سێجا زیادى کردووە".













گەلەری