سەردێڕ:

عێراق نۆ یاریی ئەلیکترۆنی قەدەغە دەکات

AM:08:56:24/03/2024

7812 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، داوایان لە وەزارەتی پەیوەندییەکان و دەستەی راگەیاندن کردووە نۆ یاریی ئەلکترۆنی لە وڵاتدا قەدەغە بکەن لەنێویشیاندا یاری پەبجی. دەشڵێت، "ئەو یارییە ئەلکترۆنییانە هۆکارن بۆ سپیکردنەوە و بردنە دەرەوەی سامانی نەتەوەیی".


ئەمڕۆ یەکشەممە، میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بڕیاریانداوە ژمارەیەک لە یارییە ئەلکترۆنییەکان قەدەغە بکەن بەتایبەت 'پەبجی و بلو وەیڵ'.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو یارییە ئەلکترۆنییانە هۆکارن بۆ سپیکردنەوە و بردنەدەرەوەی سامانی نەتەوەیی و بڵاوکردنەوەی بیری توندوتیژی هەربۆیە پێویستە قەدەغە بکرێن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٣٠ـی مانگی یەکی ئەمساڵ مەنسور عەلی بەرپرسی لیژنەی تۆماری یارییە ئەلیکترۆنییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، دوای ئەوەی چەند رووداوێکی توندوتیژی کۆمەڵایەتی تۆمارکرا کە لەسەر یارییە ئەلیکترۆنییەکان و بەتایبەتیش یاری پەبجی، بڕیاردرا بە قەدەغەکردنی ئەو یارییە لە عێراق.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەندێک لە یارییە ئەلیکترۆنییەکان کارییگەرییەکی نەرێنییان خستووەتە سەر هەڵسوکەوتی گەنجان و بەتایبەت منداڵان. وتیشی، "بەردەوام دەبین لە سنووردارکردنی ئەو یارییە ئەلیکترۆنییانەی کە هۆکارن بۆ سپیکردنەوەی پارە و سامانی نەتەوەیی".

لە سەرەتای ئەمساڵیشدا، ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی رایگەیاند، بەکارهێنەرانی یارییە ئەلیکترۆنییەکان لە عێراق لەرووی خەرجکردنی پارەوە لە ریزبەندی سێیەمی وڵاتانی عەرەبیدان، بەوپێیەی لە ساڵی ٢٠٢٣ـدا، نزیکەی ٩٠ ملیۆن دۆلاریان لە یاریە ئەلیکترۆنییەکاندا خەرج کردووە و بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٢، رێژەکە ١١.١٪ زیادی کردووە.













گەلەری