سەردێڕ:

هەنگاوەکانی عێراق بەرەو وڵاتێکی گەشەسەندوو خێراتر دەبن

PM:11:55:23/03/2024

2736 جار خوێندراوەتەوە

عێراق هەنگاوەکانی گەشەسەندن و نزیک بوونەوەی لە وڵاتانی ئەوروپا خێراتر دەکات و چەندین پڕۆژەی بازرگانی گەورەش لەبەردەم داهاتووی عێراقدایە و بە جێبەجێکردنی ناوچەکە بەرەو وڵاتێکی بازرگانی گەورە دەبات و نرخی دراوەکەشی زیاتر بەرز دەبێتەوە.


عێراق هەنگاوەکانی چوونە نێو بازرگان و نزیکبونەوەی لەوڵاتانی ئەوروپا خێراتر بووە و لە چەند رۆژی ڕابردوودا عێراق بە ئەندامبوونی خۆی لە کۆمەڵەی بانکە ئەوروپیەکان راگەیاند کە ئەمەش کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر بەرەوپێش چوونی عێراق لە رووی ئابووری و پشەسازییەوە.

لەوبارەیەوە، مەزهەر محەمەد ساڵح راوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق دەڵێت، بە هاوبەشی کارکردن لەگەڵ بانکە ئەوروپییەکاندا ئابووری عێراق سەقامگیری بەدەست دەهێنێت و پڕۆژە جیاواز و گرنگەکان بە زووی تەواو دەبن و لە رێگەی دامەزراوە داراییەکانی ئەوروپاوە دەتوانن بە شێوەیەکی باشتر عێراق بەرەو پێشەوە ببەن.

یەکێک لە کۆڵەکە گرنگەکان بۆ هاوبەشی کردنی عێراق لەگەڵ وڵاتانی دیکە بڕیارە هێڵێکی ئاسنین و رێگایەکی خێرا بە درێژای کەنداو تا تورکیا دروست بکرێت کە بە نۆ پارێزگای عێراقدا تێپەڕ دەبێت، ئەوەش بە ئامانجی گواستنەوەی کاڵاکان بایەخێکی دیکەی ستراتیژی بە پرۆژە بازرگانییە جیهانییەکە دەدات.

هاوکات، مەزهەر ساڵح ئەوەشی ئاشکرا کردوە لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانیان لەگەڵ وڵاتانی ئەوروپادا، دەبێت زیاتر لێیان نزیک ببنەوەو ئەوەش عێراق بەرەو گەشەسەندن دەبات.

بەندەری فاو، پرۆژەیەکی دیکەی عێراقە و ساڵی ٢٠١٠ بەردی بناغەی دانراوە و تێچووەکەی چوار ملیار و ٦٠٠ ملیۆن یۆرۆیە و بڕیارە تا ساڵی ٢٠٣٨ سەرجەم کارەکانی تەواو بکرێت.

بەندەرەکە یەکێکە لە ١٠ گەورەترین بەندەرەکانی جیهان و رۆژهەڵات و رۆژئاوا بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بە تەواو بوونی پرۆژەکەش عێراق دەبێتە ناوەندێکی ستراتیژی بازرگانی لە جیهاندا و ساڵانە ٢٥ بۆ ٣٥ ملیار دۆلار دەهێنێتە خەزێنەی ئەو وڵاتەوە، جیا لەوانەش بەشێکی دیکەی پڕۆژەکە بریتییە لە دروستکردنی کۆگاکانی هەڵگرتنی دانەوێڵە، لەگەڵ بەرزکەرەوە گەورەکانی ناو بەندەرەکان و شوێنی نیشتنەوەی فڕۆکە و دروستکردنی چەندین کارگە و سەرچاوەی بەرهەمهێنانی سووتەمەنی.

ئەوە لەکاتێکدایە، عێراق بە تەواوکردنی ئەو پڕۆژانە دەبێتە بازارێکی گەورە لە ناوچەکەدا و ئاستی دراوەکەشی زیاتر بەرز دەبێتەوەو بەرەو گۆرانکاری گەورە لە ئابووری وڵاتەکە بەئاڕاستەی گەشەسەندنیدا هەنگاو دەنێت.













گەلەری