سەردێڕ:

حکومەتی عێراق بانکێکی تایبەت بۆ وەبەرهێنانی پڕۆژە دەرمانسازییەکان دادەمەزرێنێت

PM:11:28:23/03/2024

1136 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەپێناو خۆجێیی کردنی پیشەسازیی دەرمان، بڕیاریانداوە بە دامەزراندنی بانکێکی تایبەت بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردنی پڕۆژە دەرمانسازییەکان.


ئەمڕۆ شەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، حکومەت بەردەوامە لە خۆجێیی کردنی پیشەسازی دەرمان لە عێراق و بۆ ئەو مەبەستەش چەند رێوشوێنێک گیراوەتەبەر هاوکات ئاسانکاری پێویست بۆ پشتگیریکردنی وەبەرهێنەران و کۆمپانیاکانی تایبەت بە پیشەسازیی دەرمان کراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیاریانداوە بە دامەزراندنی بانکێکی تایبەت بۆ وەبەرهێنان و پارەدارکردنی پڕۆژە دەرمانسازییەکان.

ئەوەشی خستە روو، پێویستە بەدواداچوون بکرێت بۆ ئەو داواکارییانەی کە پێشکەشکراون سەبارەت بە تەرخانکردنی زەوی بۆ دروستکردنی شاری پیشەسازیی دەرمانسازی لە عێراق.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٣ـی مانگی ئازار حەمودی لامی راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەوڵ دەدرێت لەلایەن کۆمپانیا جیهانیەکانەوە بتوانن کارگەی تایبەت بە دروستکردنی ئەو دەرمانانە دروست بکەن کە لە عێراقدا نین، بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە لیژنەیەک پێکهێندراوە. وتیشی، "هاوڵاتییان تەنها یەک لەسەر چواری نرخی دەرمانەکان دەدەن".

باسی لەوەش کرد، لە ماوەی پێنج ساڵی داهاتوودا عێراق دەتوانێت بببێتە دابینکاری دەرمانی پێشکەوتوو بۆ ناوخۆ و وڵاتانی دراوسێش و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین کۆمپانیای جیهانی ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە، لە قۆناغی یەکەم کە دەکەوێتە ناوەڕاستی ئەمساڵ تا کۆتایی ساڵی داهاتوو دەست بە بنیاتنانی باڵەخانە و کارگەکان دەکرێت.













گەلەری