سەردێڕ:

لقی کەرکوک بۆ دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان: فرۆشتنی بەنزین دەکەین بە ئەلکترۆنی

PM:07:22:22/03/2024

912 جار خوێندراوەتەوە

لقی کەرکوک بۆ دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان رایگەیاند، بڕیاریانداوە لەمڕۆوە ٢٢ـی ئازار لە بەنزینخانەکانی کەرکوک فرۆشتنی بەنزینی سوپەر و محەسەن ببێتە پارەدانی ئەلکترۆنی.


ئەمڕۆ هەینی، لقی کەرکوک بۆ دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان رایگەیاند، دەست دەکەن بە جێبەجێکردنی سیستەمی پارەدانی ئەلکترۆنی لە بەنزینخانەکانی کەرکوک بۆ فرۆشتنی هەردوو جۆری بەنزینی سوپەر و محەسەن.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەمەودوا مامەڵەکردنی کاش بۆ فرۆشتنی بەنزینی جۆری سوپەر و محەسەن لە بەنزینخانەکان رادەگیرێت و دەبێتە سیستەمی ئەلکترۆنی.

باسی لەوەش کرد، سەرجەم کارمەندەکانی کۆمپانیا رێگەپێدراوەکان لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە ئامادەن لەڕێگەی کارتی ئەلکترۆنییەوە بەنزینی سوپەر و محەسەن بفرۆشن.

دەشڵێت، " ئامانج لە بەکارهێنانی سیستەمی پارەدانی ئەلکترۆنی لە فرۆشتنی بەنزین کارئاسانیکردنە بۆ شۆفێران و هاوڵاتیان".

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە رۆژی ٢٢ـی ئەم مانگەوە فرۆشتنی بەنزینی سوپەر و محەسەن لە بەنزینخانەکان دەبێتە سیستەمی پارەدانی ئەلکترۆنی و مامەڵەکردن بە پارەی کاش رادەگیرێت.

رۆژی ٢٢ـی مانگی ١١ـی ساڵی رابردوو، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە کۆتایی بە مامەڵەکردن بە شێوازی کاش لە وێستگە سوتەمەنییەکان دێت و سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە سەرجەم ئەو وێستگانە کارادەکرێت.

کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق، لە مانگی نیسانی ساڵی رابردووەوە خزمەتگوزاری پارەدانی ئەلیکترۆنی لە فرۆشگاکانی سوتەمەنیدا خستووەتە بازاڕەوە، دەستیکردووە بە بڵاوکردنەوەی ئەو ئەزمونە نوێیە لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراقدا.














گەلەری