سەردێڕ:

بەهۆی بارانبارینی چەند رۆژی رابردووەوە؛ سامانی ئاوی عێراق بە رێژەی ١٠٪ زیادی کردووە

PM:06:08:22/03/2024

1484 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، بەهۆی شەپۆلی بارانبارینی چەند رۆژی رابردووەوە کە بووە هۆی دروستبوونی لافاو لەچەند ناوچەیەکی عێراق و هەرێم، ئاستی سامانی ئاوی بە رێژەی ١٠٪ زیادی کردووە. دەشڵێت، " لەمساڵدا ئاستی لافاو بە رێژەی ٣٠٪ زیاتر بووە بەراورد بە ساڵی رابردوو".


ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق راگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەهۆی ئەو شەپۆلەی کە لە سێ رۆژی رابردوودا سەرجەم ناوچە جیاوازەکانی عێراق و هەرێمی گرتەوە ئاستی سامانی ئاوی بەنداوەکان و یەدەگی ئاوی عێراق بۆ ئەمساڵ بەرێژەی ١٠٪ بەرزبووەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، هەریەک لە بەنداوەکانی دوکان و موسڵ و دەربەندیخان بەڕێژەیەکی بەرچاو ئاستی ئاویان بەرزبووەتەوە و ئەوەش هاوکار دەبێت لە رووبەڕوبوونەوەی وشکەساڵی و کەمبوونەوەی ئاو لەمساڵدا.

باس لەوەش کراوە، بەگوێرەی پێشبینیەکانی کەشناسی عێراق چەند شەپۆلێکی تری باران بارین روو لەناوچە جیاوازەکانی هەرێم وعێراق دەکات و ئەوەش وادەکات ئاستی سامانی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی تا دوو مانگی داهاتوو زیاتر بەرزببێتەوە. وتیشی، "ئاستی لافاو لە ناوچەکانی عێراق و هەرێم بەرێژەی ٣٠٪ زیاتربووە بەراورد بە ساڵانی رابردوو".

لەو بارەیەشەوە، بەسام عەبدولواحید بەڕێوەبەری سەرچاوە ئاوییەکانی پارێزگای سەڵاحەدین رایگەیاند، بارانی چەند رۆژی رابردوو بووەتە هۆی زیادبوونی رێژەی ئاوی رووباری دیجلە و دەتوانن سوود لەو زیادبوونەی ئاوی رووباری دیجلە وەربگرن لە وەرزی هاویندا.

هاوکات لەلایەکی تریشەوە، عەون زیاب وەزیرى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق بۆ رۆژنامەى سەباح ئەوەی خستە روو، ئاستى ئاو لە بەنداوەکانى موسڵ، دوکان، دەربەندیخان، حەمرین و عوزێم بەشێوەیەکى بەرچاو زیادى کردووە و ئاوى پێویستیش بۆ باشور و ناوەڕاستى عێراق بەردەدرێتەوە. وتیشی، " یەدەگى ئاوى عێراق لە حەوت ملیار مەترى سێجاوە بۆ ١٠ ملیار مەترى سێجا زیادى کردووە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە هەفتەی رابردوودا شەپۆلێکی باران بارینی بەهێز رووی لە عێراق و هەرێم کرد و بەهۆیەوە لافاو لە بەشێک لە شارەکان دروستی بوو، پشووی فەرمی راگەیەنرا.













گەلەری