سەردێڕ:

نوێنەری رێکخراوی فاو: پێشبینی دەکرێت لەمساڵدا بەروبوومی کشتوکاڵی بە نزیکەی ١٥٪ زیاد بکات

PM:04:43:22/03/2024

852 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان 'فاو' رایگەیاند، هەنگاوەکانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەبواری گەشەپێدانی کشتوکاڵ ئەنجامی باشی هەبووە و کاریگەری ئەرێنی لەسەر بەرهەمهێنانی گەنم لە عێراقدا هەبووە. دەشڵێت، " پێشبینی دەکرێت بەروبوومی کشتوکاڵی لەمساڵدا بەڕێژەی ١٠٪ بۆ ١٥٪ زیاد بکات".


ئەمڕۆ هەینی، سەڵاح حاج حەسەن نوێنەری رێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵی نەتەوە یەکگرتووەکان ناسراو بە فاو بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند، جێبەجێکردنی رێوشوێنەکانی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیران لەبواری کشتوکاڵ رۆڵی سەرەکی هەبووە لە گەیشتن بە خۆبژێوی لە بەرهەمهێنانی گەنم لە وڵاتەکەدا.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بڕی بارانبارینی ساڵی رابردوو لە ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بەراورد بە ناوچەکانی باکور زیاتر بووە، لەمساڵیشدا بڕێکی باش باران لە ناوچەکانی باکور باریوە ئەوەش رۆڵێکی کاریگەری لە گەشەکردن و بەرهەمهێنانی بەروبوومی دێمیدا هەبووە.

باسی لەوەش کردووە، بەهۆی بارانبارین بەڕێژەیەکی بەرچاو لەمساڵدا، پێشبینی دەکرێت تێکڕای بەرهەمهێنانی بەروبوومی کشتوکاڵی بەڕێژەی ١٠٪ بۆ ١٥٪ بەراورد بە ساڵی رابردوو زیاتر بێت. وتیشی، "زیادبوونی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان هۆکار دەبێت بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک لە وڵاتدا".

ئەوەشی خستووەتە روو، هەوڵەکانی حکومەتی عێراق سەبارەت بە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست لە پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ و ئاسانکاری بۆ دابینکردنی ئەو کەرەستانەی کە بۆ کشتوکاڵ و جوتیاران پێویستن ئەنجامی باشی هەبووە و کاریگەری ئەرێنییان لەسەر بەرهەمی گەنم هەبووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٢١ـی مانگی ئازار وەزارەتى کشتوکاڵى عیراق رایگەیاند، پلانیان هەیە ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لە مێژووى وڵاتەکەدا ئاستی خۆبژێویی لە بەرهەمهێنانى گەنم تێپەڕێنن.













گەلەری