سەردێڕ:

هێزی ئاسمانیی ئۆکرانیا: ٣١ موشەکی روسیامان تێکشکاند کە بەرەو کیێڤ ئاڕاستەکرابوون

PM:08:48:21/03/2024

1044 جار خوێندراوەتەوە

هێزی ئاسمانیی سوپای ئۆکرانیا رایگەیاند، هێزەکانیان ٣١ مووشەکیان تێکشکاند کە لەلایەن سوپای روسیاوە بەرەو کیێڤی پایتەخت ئاڕاستەکرابوون.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، هێزی ئاسمانیی سوپای ئۆکرانیا رایگەیاند، روسیا هێرشە مووشەکییەکانی بۆسەر خاکی ئۆکرانیا چڕتر کردووەتەوە و بەردەوامە لە هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئەو ناوچانەی نزیکن لە پایتەختەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، سوپای روسیا ٣١ موشەکی لە جۆری کرووز ئاڕاستەی کیێڤی پایتەخت کردووە و توانیویانە سەرجەمیان تێکبشکێنن پێش ئەوەی ئامانجەکەیان بپێکن.

دەشڵێت،" بەهۆی هێرشە مووشەکییەکانی سوپای روسیاوە بەردەوام لە ئامادەباشیداین بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هێرشێکی لە ناکاو".

هەر لەو بارەیەوە لە ماوەکانی رابردوودا یوری ئیهنات وتەبێژی هێزی ئاسمانیی ئۆکرانیا رایگەیاند، لە سەرەتای جەنگەوە تا ئێستا روسیا زیاتر لە هەشت هەزار موشەکی جۆراوجۆر و چوار هەزار و ٦٣٠ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی لە دژی هێزەکانی ئۆکرانیا بەکارهێناوە.

وتیشی،" لە سەرەتای هەڵگیرسانی جەنگەوە هێزەکانمان بە شێوەیەکی بەرچاو سودیان لە سیستەمی بەرگری ئاسمانیی وڵاتانی رۆژئاوا بینیوە، بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشە موشەکییەکانی روسیا".

لە ٢٤ی شوباتی ٢٠٢٢دا و بە فەرمانی ڤلادمێر پوتین سەرۆکی روسیای فیدراڵ بڕیاری هێرشکردنە سەر خاکی ئۆکرانیا درا و بەهۆیەوە هەزاران سەرباز لە هەردوو لا گیانیان لە دەستدا و هەزاران سەربازی دیکەش برینداربوون.

لە نوێترین لێدوانیدا لە بارەی دانوستانەوە ڤلادمێر پوتینی سەرۆکی روسیا رایگەیاند، ئەگەر ئەمریکا بوەستێت لە ناردنی هاوکاری سەربازی بۆ ئۆکرانیا کۆتایی بە جەنگەکەیان لەگەڵ ئەو وڵاتە دەهێنن.













گەلەری