سەردێڕ:

وەزارەتی بازرگانی عێراق: کەرەستەی بیناسازی بە نرخی پاڵپشتیکراو بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێت

PM:07:45:21/03/2024

1048 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، گرێبەستێکیان لەگەڵ کەرتی تایبەت واژۆکردووە بۆ دەستەبەرکردنی کەرەستەی بیناسازی و فرۆشتنی بە هاوڵاتیان بە نرخی پاڵپشتیکراو. دەشڵێت، " بانکی رافیدەین بە بڕی ٢٥ ملیۆن دینار پاڵپشتی دارایی پێشکەش بەو فەرمانبەرانە دەکات کە دەیانەوێت کەرەستەی بیناسازی بکڕن".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند، هەوڵەکانیان بۆ دەستەبەرکردنی کەرەستەی بیناسازی بەگوێرەی پێویست و بە نرخی پاڵپشتیکراو بۆ هاوڵاتیان بەردەوامە و بۆ ئەو مەبەستەش گرێبەستێکیان لەگەڵ کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەت واژۆ کردووە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، لەڕێگەی ئەو گرێبەستەی لەگەڵ کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتی عێراقدا واژۆیان کردووە کەرەستەی بیناسازی بۆ هاوڵاتیان بە نرخێکی گونجاو بەردەست دەبێت. دەشڵێت، " فرۆشتنی ئەو کەرەستانە بە کەسوکاری شەهیدان و فەرمانبەران و ئەو کەسانەی چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە بە قیست دەفرۆشرێت بە پاڵپشتی دارایی بانکی رافیدەین".

باسی لەوەش کردووە، بانکی رافیدەین بە بڕی ٢٥ ملیۆن دینار پاڵپشتی دارایی بۆ ئەو فەرمانبەرانە دابین دەکات کە بەنیازن کەرەستەی بیناسازی لەڕێگەی فرۆشگاکانی کۆمپانیای گشتی بۆ کەرەستەی بیناسازی بکڕن.

وتیشی، "دابینکردنی کەرەستەی بیناسازی بۆ هاوڵاتیان بە نرخێکی پاڵپشتیکراو هۆکار دەبێت بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی بیناسازی و نۆژەنکردنەوەی خانووبەرەی هاوڵاتیان".

سەبارەت بە نرخی خۆراک و شتومەک لە بازاڕەکاندا ئەوەی خستە روو، وەزارەتەکە سەرکەوتنی گەورەی لە چاودێریکردنی نرخی خۆراک و شتومەک لە بازاڕەکان و رێگریکردن لە بەزربوونەوەی نرخەکان بەدەستهێناوە.













گەلەری