سەردێڕ:

وەزارەتی نەوتی عێراق: فرۆشتنی دوو جۆری بەنزین دەبێتە پارەدانی ئەلکترۆنی

PM:05:21:21/03/2024

1576 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە سبەی هەینییەوە فرۆشتنی بەنزینی سوپەر و محەسەن لە بەنزینخانەکان دەبێتە سیستەمی پارەدانی ئەلکترۆنی و مامەڵەکردن بە پارەی کاش رادەگیرێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، بڕیاری گۆڕینی پارەدانی کاش بۆ سیستەمی ئەلکترۆنییان لە بەنزینخانەکاندا بۆ فرۆشتنی بەنزینی سوپەر و محەسەن پەسەند کردووە.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە سبەی هەینییەوە ٢٢ـی ئازار بڕیارەکە دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە و مامەڵەکردن بە پارەدانی کاش بۆ فرۆشتنی بەنزینی سوپەر و محەسەن لە بەنزینخانەکاندا رادەگیرێت.

باس لەوەش کراوە، بڕیارەکە بەغدا و سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەگرێتەوە و لە قۆناغی داهاتووشدا سیستەمی پارەدانی ئەلکترۆنی سەرجەم بەرهەمە نەوتییەکان دەگرێتەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٢ـی مانگی ١١ـی ساڵی رابردوو، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە کۆتایی بە مامەڵەکردن بە شێوازی کاش لە وێستگە سوتەمەنییەکان دێت و سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە سەرجەم ئەو وێستگانە کارادەکرێت.

کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی عێراق، لە مانگی نیسانی ساڵی رابردووەوە خزمەتگوزاری پارەدانی ئەلیکترۆنی لە فرۆشگاکانی سوتەمەنیدا خستووەتە بازاڕەوە، دەستیکردووە بە بڵاوکردنەوەی ئەو ئەزمونە نوێیە لە پارێزگا جیاوازەکانی عێراقدا.

کۆمپانیاکە جەختیشی لەوە کردەوە، پەسەندکردنی پارەدانی ئەلیکترۆنی و کۆتاییهێنان بە ئاڵوگۆڕی پارەی نەختینەیی دەبێتە هۆی خزمەتکردنی هاوڵاتیان و دڵنیابوون لەوەی کە سووتەمەنی بە نرخی فەرمی پێیان دەفرۆشرێت.













گەلەری