سەردێڕ:

عێراق؛ کۆچی نایاسایی بۆ وڵاتانی ئەوروپا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە

PM:04:37:21/03/2024

1208 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، کۆچکردنی هاوڵاتییە عێراقییەکان بۆ وڵاتانی ئەوروپا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە. دەشڵێت،" باروودۆخی ئێستای عێراق و بەگژداچوونەوەی وڵاتانی ئەوروپا بەڕووی کۆچبەراندا هۆکاری سەرەکی کەمبوونەوەی کۆچی هاوڵاتییە عێراقییەکانن".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، لە ئێستادا لە وڵاتی ئەڵمانیا ٣٠ هەزار کۆچبەری عێراقی تێدان و بەگشتی لەکۆی وڵاتانی ئەورووپا ٦٠ هەزار کۆچبەری نایاسایی عێراقی بوونیان هەیە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەراورد بە ساڵانی رابردوو بە رێژەیەکی بەرچاو ژمارەی کۆچی هاوڵاتییە عێراقییەکان و کۆچبەرە عێراقییەکان لە وڵاتانی ئەوروپا کەمبوونەتەوە و هۆکارەکەشی بۆ بارودۆخی ئێستای عێراق و یاسا توندەکانی وڵاتانی ئەوروپا دەگەڕێتەوە بەرامبەر بە کۆچبەرانی نایاسایی.

وەزارەتی کۆچ وکۆچبەرانی عێراق جەختی لەوەش کردووەتەوە، هەوڵەکانی حکومەتی عێراق بۆ رێگریکردن لە کۆچی هاوڵاتیانی عێراق بۆ بێلاروسیا و ئەو وڵاتانەی کە بوونەتە دەرچەیەک بۆ چوونە ئەوروپا یەکێکی دیکە بووە لە هۆکارە سەرەکییەکانی دیاردەی کەمبوونەوەی کۆچی نایاسایی.

ئەوەش لەکاتێکدایە، بە پێی ئامارێک، لە ساڵی رابردوودا، ١٩ هەزار هاوڵاتی عێراق بە رێگەی کۆچی نایاسایی چوونەتە وڵاتانی ئەوروپا، ئەوەش بەراورد بە ساڵانی پێش خۆی کەمترین رێژەی کۆچکردنی نایاساییە.













گەلەری