سەردێڕ:

لەسەر پرسی دۆلار و مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا؛ شاندێکی عێراق سەردانی ئەمریکا دەکات

PM:11:15:20/03/2024

1660 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ تاوتوێکردنی سێ پرسی نێوان عێراق و ئەمریکا سەردانی ئەمریکا دەکات. وتیشی، "پرسی دۆلار یەکێک دەبێت لە پرسە گرنگەکانی نێوان واشنتۆن و بەغدا".


ئەمڕۆ چوارشەممە، چاوگێک لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە بارەی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تاوتوێکردنی پرسی دۆلار و پرسی ئاسایشی نێوان ئەمریکا و عێراق، فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق سەردانی واشنتۆن دەکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، سەرجەم ئامادەکارییەکانی سەردانیکردنەکە تەواو کراون و شاندێکی یاوەری لە وەزارەتی ناوخۆ و دارایی و بانکی ناوەندی لەگەڵدا دەبێت.

وردەکاری سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق چییە؟

سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی عێراق کە دوو رۆژ زیاتر دەخایەنێت ئاماژەیەکە بۆ ئامادەیی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق کە لە مانگی داهاتوودا سەردانی واشنتۆن دەکات بەبێ هیچ بەربەستێک.

ئێن ئاڕ تی ئەوەی زانیوە، وەزیری دەرەوەی عێراق لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هەریەک لە عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، راسپێردراوە کە پرسی دوو بانکی نوێی عێراق بگەیەنێتە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا.

دوو بانکە نوێکەی عێراق چی دەبن؟

لەبارەی ئەو دوو بانکەوە، چاوگێک لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی تاوتوێی کردنەوەی دوو سەکۆی تایبەتیان بە هاوردەکردن و هەناردەکردن کردووە، بە گوێرەی پلانەکانیشیان، چیتر هاوڵاتییان و بازرگانان بەبێ رەزامەندی بانکی ناوەندی ناتوانن هیچ مامەڵەیەک بکەن، لەلایەن وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکاوە مۆڵەت بە هەردوو بانکی هاوردەکردن وهەناردەکردن دەدرێت و بەو جۆرەش دۆلار بە رێژەی ١٠٠٪ کۆنترۆڵ دەکرێت.

رێککەوتننامەی ئاسایشی عێراق و ئەمریکا؛

لە میانەی سەردانەکەدا وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا تاوتوێی پلانێک دەکات کە تیایدا گۆڕانکاری لە کار و چالاکی هێزەکانی ئەمریکا دەکرێت لە خاکی عێراق و بە گوێرەی پلانەکەش کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازی و هەواڵگرییەکانی ئەمریکا دێت لە خاکی عێراق و بۆ هەر ئۆپەراسیۆنێک کە جێگای گومان بێت، پشت بە هێزە سەربازییەکانی عێراق دەبەسترێت.

هەماهەنگی کۆمپانیا بیانییەکان لە کەرتی وەبەرهێناندا

لەو بارەیەوە راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بڕیارە کۆمپانیا بیانییەکان بەتایبەت ئەو کۆمپانیا دارایی و پیشەسازیانەی کە لە ئەمریکادا هەن، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی عێراق بکەن و دەست بە وەبەرهێنان بکەن لە کەرتی بانکی و نانەوتیدا، پێشبینیش دەکرێت تا ساڵی ٢٠٢٧ داهاتی نانەوتی بەرزبکرێتەوە بۆ ٢١.٢٪ ـی تێکڕای بودجەی عێراق کە ئەوەش هەنگاوێکی ئەرێنی و خێرا دەبێت لە ژێر سەرپەرشتی بانکی نێودەوڵەتیدا.
هێڤیدار شعبان - دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕ تی 













گەلەری