سەردێڕ:

بۆ کارەبای ٢٤ کاتژمێری؛ عێراق گرێبەستی دروستکردنی ١٥ وێستگەی کارەبای واژۆ کرد

PM:10:06:20/03/2024

4532 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی فراوانکردنی کەرتی وزە و دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، گرێبەستی دروستکردنی ١٥ وێستگەی کارەباییان لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئەڵمانی واژۆ کردووە. دەشڵێت، "ئەو غازەی لە کێڵگەکانەوە بەفیڕۆ دەچێت، بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بۆ کارگە و کۆمپانیاکان بەکار دەهێندرێتەوە".


ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی کارەبای عێراق لەبارەی گرێبەستەکانیان لەگەڵ کۆمپانیا ئەڵمانییەکان راگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێێدا هاتووە، بە مەبەستی زیادکردنی بەرهەم و دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، زیاد عەلی وەزیری کارەبای عێراق لەگەڵ کریستیان برۆچ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سێمێنزی ئەڵمانی گرێبەستی وزەیان واژۆ کرد.

ئاماژە بەوەش کراوە، بە گوێرەی گرێبەستی وزە لە نێوان کۆمپانیای سیمێنزی ئەڵمانی و عێراق، کۆمپانیا ئەڵمانییەکە هاوکار دەبێت لە بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی غاز بە رێژەی ١٢٠ ملیۆن پی سێجای رۆژانە و دوو هەزار مێگاوات کارەبا لە وەزری هاویندا.

باس لەوەش کراوە، دوای تێپەڕبوونی ٢٠ رۆژ بەسەر یەکەم هەنگاوی کۆمپانیاکەدا لە عێراق بۆ بنیاتنانی ١٥ وێستگەی کارەبایی، لە رۆژی ٢٠ـی ئازاردا یەکەم قۆناغی وێستگەکان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بەشێوەی تاقیکاری.

لەو بارەیەشەوە، کریستیان برۆچ بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیایی سێمێنزی ئەڵمانی لە بەرلین لە میانەی کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری عێراق رایگەیاند، هەوڵی تەواو دەدەن بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی کەرتی وزەی عێراق، بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاسانکاری تەواویان بۆ کراوە. وتیشی، " بە سێ قۆناغ بەرهەمهێنانی کارەبا بەرز دەکەنەوە".

لەلایەکی تریشەوە، موهەندەد ئەلسەفار بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سیمێنز لە عێراق رایگەیاند، کۆمپانیاکەیان لە ئێستادا لە عێراق ئامادەیە بۆ هاوکاریکردنی وەزارەتی کارەبا لە زیادکردنی رێژەی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی وزە و دابەشکردنی کارەبا لەگەڵ بەرزکردنەوەی توانای تۆڕی نیشتمانی کارەبای عێراق.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی زیادکردنی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبادا چەندین پارچە زەوی گەورە ئامادە کراوە بۆ ئەوەی کارەبا لە رێگەی تیشکی خۆرەوە بەرهەمبهێنن. وتیشی، "کار دەکەین بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی باوە لە پارێزگای واست".

ئەوەش لە کاتێکدایە، مەزهەر ساڵح راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری و دارایی رایگەیاند، لە ئێستادا عێراق هەوڵ دەدات جێگەی خۆی لە ریزبەندی وڵاتانی بەرهەمهێنەری وزەدا بکاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش، هەنگاوێکی نوێی ناوە بە سوود وەرگرتن لە وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.













گەلەری