سەردێڕ:

نەوتی عێراق: تا کۆتایی ئەمساڵ پێویستمان بە هاوردەکردنی سوتەمەنی نامێنێت

PM:07:17:20/03/2024

892 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، دوای کارپێکردنی پاڵاوگەی کەربەلا، بڕی هاوردەکردنی بەنزین لە ١٤ ملیۆن لیترەوە کەم کراوەتەوە بۆ حەوت ملیۆن لیتر، ئەوەش بووەتە هۆی دابەزینی هاوردەکردنی سووتەمەنی بە رێژەی ٥٠٪ بەراورد بە مانگی رابردوو. دەشڵێت، "تا کۆتایی ئەمساڵ پێویستمان بە هاوردەکردنی سووتەمەنی نامێنێت".


ئەمڕۆ چوارشەممە، حسێن تاڵب، بەڕێوەبەری بەشی دابەشکردن و گواستنەوەی بەرهەمە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، عێراق لە ئێستادا لە قۆناغی خۆبژێوی سووتەمەنیدایە بە رێژەی ٥٠٪ و لە دوای تەواوبوونی کارەکانی پاڵاوگەی کەربەلا و بێجی، ئاستی هاوردەکردنی سوتەمەنی بە رێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هاوردەکردنی بەرهەمی بەنزین لە ١٤ ملیۆن لیترەوە کەم کراوەتەوە بۆ حەوت ملیۆن لیتر، هەروەها کۆتایی هێنرا بە هاوردەکردنی رۆن و نەوتی سپی لە وڵاتانی دراوسێوە. وتیشی، "تا کۆتایی ئەمساڵ بە تەواوی کۆتایی دەهێنین بە هاوردەکردنی بەنزین و لە ناوخۆدا بەنزین بەرهەم دەهێنن بە ئۆکتانی ٩٤ بۆ جۆری موحەسەن و ٩٢ بۆ جۆری نۆرماڵ و ٩٦ بۆ سوپەر".

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٥ـی مانگی ئازار حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، پڕۆژەیەکی ئومێدبەخش لە پاڵاوگەکانی باشووری عێراقدا هەیە بۆ بەرهەمهێنانی بەنزین بە توانای ٤٥٠٠ مەتر سێجا. وتیشی، " ئەو پاڵاوگانە دەبنە هۆی ئەوەی هاوردەکردنی بەنزین نەهێڵین یان کەمی بکەینەوە و پێشبینی دەکەین لە دوای ساڵی ٢٠٢٥ هاوردەکردنی بەرهەمە نەوتییەکان رابگرین".













گەلەری