سەردێڕ:

عێراق؛ ٢٨ کەس بە تۆمەتی قۆرغکردنی بازاڕ دەستگیرکران

PM:08:43:19/03/2024

756 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای نەجەف رایگەیاند، ٢٨ کەس بە تۆمەتی قۆرغکردنی بازاڕ لەلایەن تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تاوانە رێکخراوەکان دەستگیرکراون.


ئەمڕۆ سێشەممە، فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای نەجەف رایگەیاند، تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان بە مەبەستی چاودێریکردنی پڕۆسەی نرخی خۆراک سەردانی چەند نانەواخانەیەک و ماسی فرۆش و گۆشت فرۆشیان کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ماوەی سەردانەکەیاندا ٢٨ کەسیان دەستگیرکردووە کە یارییان بە نرخی خۆراک و شتومەک کردووە و لە ئێستادا ئەو کەسانە رەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کراون بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و سزادانیان.

رۆژی ١٦ـی مانگی ئازار وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لەلایەن دەزگا و فەرمانگەکانی وەزارەتەوە، زیاتر لە ٢٥٠ کەس بە تۆمەتی دەستکاریکردنی نرخەکان لە ناوچە جیاوازەکان دەستگیر کراون.

پێشتریش، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردبوو، تیمەکانیان بەردەوامن لە چاودێریکردنی بازاڕ و نرخی شتومەک و پێداویستییەکان و هەرکەسێک لە مانگی رەمەزاندا هەوڵی بەرزکردنەوەی نرخەکان بدات، بە توندترین شێوە سزا دەدرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، حکومەتی عێراق چەندین رێوشوێنی گرتووەتە بەر بۆ چاودێریکردنی بازاڕ و نرخی شتومەک لە مانگی رەمەزاندا.













گەلەری