سەردێڕ:

عێراق؛ لە مانگی شوباتدا زیاتر لە ٢٥ هەزار هاوسەرگیری ئەنجام دراون

PM:03:59:19/03/2024

632 جار خوێندراوەتەوە

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند، لە مانگی شوباتدا زیاتر لە ٢٥ هەزار هاوسەرگیری لە عێراق ئەنجام دراون و زیاتر لە چوار هەزار حاڵەتی جیابوونەوەش تۆمار کراوە.


ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ئامارەکانی تایبەت بە ژمارەی هاوسەرگیری و جیابوونەوەی لە مانگی شوباتدا بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، لە مانگی شوباتدا ٢٥ هەزار و ٧٩٣ هاوسەرگیری ئەنجامدراون کە زیاتر لە هەشت هەزار حاڵەتی لە پارێزگای بەغدا بووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەر لە ماوەی مانگی شوباتدا ژمارەی حاڵەتەکانی جیابوونەوە لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق گەیشتووەتە چوار هەزار و ٥٦٠ حاڵەت کە دوو هەزار و ١٦١ حاڵەتی لە بەغدا تۆمار کراوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٣ـی مانگی شوباتی ئەمساڵ ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق رایگەیاند، ساڵی رابردوو نزیکەى ٣٠٠ هەزار هاوسەرگیرى نوێ لە عێراق ئەنجام دراون کە ٨٥٪ـی لە دادگا و ١٥٪ـی لە دەرەوەى دادگاکان ئەنجام دراون.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەر لەو ماوەیەدا ٧٢ هەزار و ٤٧١ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمار کراوە کە ٧٤٪ـی جیابوونەوەکان لە دەرەوەی دادگاکان یەکلا کراونەتەوە، تەنها ٢٦٪ـی جیابوونەوەکان بە بڕیاری دادگا یەکلا کراونەتەوە.













گەلەری