سەردێڕ:

فەرماندەی پێشووی سێنتکۆم بۆ ئێن ئاڕ تی: هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەمێننەوە

PM:01:19:18/03/2024

3756 جار خوێندراوەتەوە

فەرماندەی پێشووی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکا بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، وەڵامدانەوەیان بۆ ئەو هێرشانەی کە دەکرێتە سەر هێزەکانیان لە عێراق و دەوروبەری قورس دەبێت. دەشڵێت، " پێم وانییە هیچ بڕیارێکی کۆتایی لەسەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق درابێت".


ئەمڕۆ دووشەممە، جۆزێف ڤۆتێل فەرماندەی پێشووی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی ئەمریکا لە لێدوانێکی تایبەتدا بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەرکی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بۆ رێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی گروپە چەکدارە توندڕەوەکان وەک خۆی دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبن لە ئەرکەکەیان.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا پرۆسەیەک بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی ئەمریکا هەیە. وتیشی، "بە مانەوەی هێزەکانمان لە ناوچەکەدا عێراق و ئەمریکا پێکەوە سودمەند دەبن، چونکە هێزەکان بەردەوام فشار دەکەنە سەر پاشماوەی گروپە چەکدارەکان لە ناوچەکەدا، بۆیە بە بڕوای من هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەمێننەوە".

باسی لەوەش کرد، "پەیوەندییەکی بەردەوام لە نێوان هەردوولا یارمەتیدەر دەبێت بۆ زیاتر بە پیشەییکردنی سوپای عێراق و دابینکردنی ئاسایش بۆ ئەمریکا و هاوبەشەکانی دیکەی لە ناوچەکەدا".

ئەوەشی خستە روو، پێویستە دڵنیا ببنەوە لەوەی کە فەرماندەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا پارێزراو بن، بەوپێیەی ئەوان لەسەر داوای حکومەتی عێراق لە ناوچەکەدا ماونەتەوە.

وتیشی، "نابێت رێگە بدەین گروپە چەکدارەکان هێرش بکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، ئەمە دەبێت راستەوخۆ چارەسەر بکرێت و ئەو لایەنانەی بەرپرسیارن لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکرێت ".

راشیگەیاند، پێویستە چاوەڕێی ئەوە بین کە ئەمریکا هەنگاو بنێت بەرامبەر بەو کەسانەی کە هێرشەکان ئەنجام دەدەن و هەروەها ئەوانەی پشتگیری لە هێرشەکان دەکەن.

سەبارەت بە هێرشەکان بۆ سەر هێزەکانیان و زیادکردنی ژمارەی هێزەکانیان ئاماژەی بەوە کرد، وەڵامدانەوەیان بۆ هێرشەکان و ئەوانەی بەرپرسیارن لێی قورس دەبێت و هیچ ئەگەرێک نییە ئەمریکا ژمارەی هێزەکانی لە عێراقدا زیاد بکات.













گەلەری