سەردێڕ:

سودانی و بانکی ناوەندی رێکاری نوێ دەگرنەبەر؛ کاڵا هەناردە و هاوردەی عێراق ناکرێت

AM:10:25:17/03/2024

2296 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندی تاوتوێی کردنەوەی دوو سەکۆی تایبەتیان بە هاوردەکردن و هەناردەکردن کردووە، بە گوێرەی پلانەکانیشیان چیتر هاوڵاتییان و بازرگانان بەبێ رەزامەندی بانکی ناوەندی ناتوانن هیچ مامەڵەیەک بکەن.


ئەمڕۆ یەکشەممە، چاوگێکی ئاگادار لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، شەوی ١٤ـی ئازاری ئەمساڵ محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ هەریەک لە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی سەبارەت بە پرسی کردنەوەی سەکۆی بانکی کۆبووەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی داوای لە سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە کە لە سەردانەکەی بۆ ئەمریکا بەتەواوی رێکارەکانی بە نێودەوڵەتیکردنی سەکۆی هاوردەکردن و هەناردەکردن لەژێر سەرپەرشتی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا تەواو بکات.

باسی لەوەش کرد، ئەو هەنگاوەی سوودانی و پارێزگاری بانکی ناوەندی بۆ کۆتاییهێنانە بە سەرجەم مامەڵە داراییە نێودەوڵەتیەکان و ناوخۆییەکان کە دەکرێت بە هۆیەوە دۆلار یاخود هەر دراوێکی دیکە سپیبکرێتەوە. دەشڵێت، ''لەگەڵ تەواوبوونی رێکارەکان لە مانگی ئایارەوە سەکۆکە لە ژێر سەرپەرشتی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق دەچێتە بواری جیبەجێکردنەوە و لەو وادەیەوە هاوڵاتییان و بازرگانان بۆ هەر هاوردەکردنێک و هەناردەکردنێکی کاڵاکانیان دەبێت مۆڵەت لە بانکەکە وەربگرن".

میکانیزمی کارکردنی سەکۆکە چۆن دەبێت؟

بە گوێرەی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی، دوو سەکۆی تایبەت لەلایەن بانکی ناوەندییەوە ئامادە کراوە کە یەکێکیان تایبەت دەبێت بە مامەڵەی هاوردەکردنی کاڵا و کەرەستەی خۆراکی و بازرگانی بۆ ناوخۆی وڵات کە لەلایەن بانکێکەوە سەرپەرشتی دەکرێت و سەکۆکەی تر تایبەت دەبێت بە مامەڵەی هەناردەکردنی کاڵا و کەرەستەی خۆراکی و جوانکاری بۆ دەرەوەی عێراق بەتایبەت ئێران و تورکیا و سوریا لە ژێر سەرپەرشتی بانکێکی تردا.

هاوڵاتییان و بازرگانان چۆن دەتوانن کاڵا هەناردە یاخود هاوردە بکەن؟

هەر هاوڵاتی و بازرگان و کۆمپانیایەک کە بیەوێت کاڵایەک یاخود کەرەستەیەک هاوردەی ناو عێراق بکات یاخود هەناردەی دەرەوەی عێراق بکات دەبێت سەرەتا لە یەکێک لەو سەکۆیانەدا (جۆری کاڵا، ناوی هەناردەکار و ناوی وەرگر، هەژماری بانکی و جۆری دراو) تۆماربکات پاشان رێگەی پێ دەدرێت کە کارەکانی بکات لەرێگای دەروازە سنوورییەکان و بەندەری فاوەوە، کە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق سەرجەم دەروازە سنورییەکان و بەندەری فاو هاوتای سیستەمی بانکی نێودەوڵەتی دەکات بۆ ئەو مەبەستە.
هێڤیدار شەعبان- سلێمانی













گەلەری