سەردێڕ:

پەروەردەی عێراق: لە ٢٠١١ـەوە تا ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن کەس خراونەتە بەر خوێندن

AM:08:48:17/03/2024

676 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی ٢٠١١ـەوە تا ئێستا زیاتر لە دوو ملیۆن کەسیان خستووەتە بەر خوێندن. وەزارەتی پلاندانانیش دەڵێت، بەهۆی ئەو سەنتەر و خوێندنگایانەی کراونەتەوە رێژەی نەخوێندەواری بۆ ١٢٪ دابەزیوە.


کەریم سەید، وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای دامەزراندنی دەستەی کارگێڕی بنبڕکردنی نەخوێندەوارییەوە لە ساڵی ٢٠١١ تاکو ئەمساڵ، وەزارەتەکە مامەڵەی لەگەڵ نزیکەی دوو ملیۆن و ٢٥٠ هەزار کەس کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەو ماوەیەدا هەزار و ٢٣٦ سەنتەری خوێندنیان کردووەتەوە لەگەڵ ٤٢٨ قوتابخانە بۆ ئەو کەسە بەتەمەنانەی خوێندەوارییان نەبووە.

ئەوەشی خستە روو، بەپێی رێنماییەکانی سەرۆک وەزیران و وەزیری پەروەردە بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخوێندەواری لە وەزارەتەکانی دەوڵەت، وەزارەتی پەروەردە دەستیکرد بە فراوانکردنی بازنەی گشتگیری پەروەردەیی بۆ ئەوانەی تەمەنیان گەورەیە و خوێندەواریان نیە.

لای خۆیەوە عەبدولزەهرا هینداوی، وتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند، رێژەی نەخوێندەواری لە عێراق بەردەوام کەمبوونەوەدایە و لە ١٠ ساڵی رابردوودا رێژەکە لە ٢٠٪ـەوە بۆ ١٢٪ دابەزیوە.













گەلەری