سەردێڕ:

وەزارەتی ناوخۆی عێراق: ٢٥٠ کەسمان بە تۆمەتی یاریکردن بە نرخی شتومەک دەستگیر کرد

PM:10:42:16/03/2024

700 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە ٢٥٠ کەسیان بە تۆمەتی یاریکردن بە نرخی شتومەک و پێداویستییەکان لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق دەستگیر کردووە.


ئەمڕۆ شەممە، میقداد میری وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لەلایەن دەزگا و فەرمانگەکانی وەزارەتەوە، زیاتر لە ٢٥٠ کەس بە تۆمەتی دەستکاریکردنی نرخەکان لە ناوچە جیاوازەکان دەستگیر کراون.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەشێک لە بازرگانەکان لە رێگەی راگەیاندنی نرخی شتومەک و خۆراکەوە بۆ هاوڵاتییان، هاوکارییان بوون لە رێوشوێنەکانی کۆنتڕۆڵکردنی نرخەکان.

لە چەند رۆژی رابردووشدا، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە رێکخراوەکان لە بەغدا و چەند پارێزگایەکی دیکە زیاتر لە ١٠٠ کەسیان بە تۆمەتی قۆرغکردنی بازاڕ دەستگیر کردووە.

پێشتریش، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردبوو، تیمەکانیان بەردەوامن لە چاودێریکردنی بازاڕ و نرخی شتومەک و پێداویستییەکان و هەرکەسێک لە مانگی رەمەزاندا هەوڵی بەرزکردنەوەی نرخەکان بدات، بە توندترین شێوە سزا دەدرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، حکومەتی عێراق چەندین رێوشوێنی گرتووەتە بەر بۆ چاودێریکردنی بازاڕ و نرخی شتومەک لە مانگی رەمەزاندا.













گەلەری