سەردێڕ:

بۆ دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور؛ کشتوکاڵی عێراق رێوشوێنێکی دیکە دەگرێتە بەر

PM:05:41:16/03/2024

6044 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، لەپێناو دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور، بڕیاریان داوە بە پاڵپشتیکردنی بەخێوکەرانی گامێش لە باشووری عێراق بە بەهای پێنج ملیار دینار. دەشڵێت، "سەرجەم ئەو گوێرەکانەی هاوردەکراون لە ماوەی ئەم هەفتەیەدا بەسەر تەواوی پارێزگاکاندا دابەش دەکرێن و بەهۆیەوە نرخی گۆشتی سوور بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت".


ئەمڕۆ شەممە، مەهدی سەهەر بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، حکومەت چەندین رێوشوێنی گرتووەتە بەر بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخی گۆشت و شتومەک لە مانگی رەمەزاندا، لەوانەش رێگەدان بە هاوردە کردنی ئاژەڵی زیندوو بەمەبەستی سەربەڕین و بەخێوکردن، هەروەها هاوردەکردنی گۆشتی سوور و کەمکردنەوەی باجی گومرکی بە رێژەی ٥٠٪ لەسەر هاوردەکردنی ئاژەڵ.

ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیاریان داوە بە پاڵپشتیکردنی بەخێوکەرانی ئاژەڵ بەتایبەتی بەخێوکەرانی گامێش لە باشووری عێراق بە بەهای پێنج ملیار دینار بە کڕینی ئالیک و خۆراکی ئاژەڵ و دابەشکردنی بە خۆڕایی بەسەریاندا.

ئەوەشی خستە روو، جگە لەوەش بەردەوام دەبن لە دابەشکردنی گەنمەشامی بەسەر بەخێوکەرانی ئاژەڵدا لە هەموو پارێزگاکان بە نرخی پاڵپشتیکراو.

باسی لەوەش کرد، سەرجەم ئەو گوێرەکانەی لە وڵاتانی دەرەوە بەمەبەستی دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور هاوردە کراون، لەماوەی ئەم هەفتەیەدا بەسەر سەرجەم پارێزگاکاندا دابەش دەکرێن و لە ئێستادا لە ڤێرتێرنەری کەرەنتینە کراون بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دوورن لە نەخۆشی.

ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٩ـی مانگی شوبات وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور، رەزامەندیان دەربڕیوە لەسەر هاوردەکردنی ١٧ هەزار سەر گوێرەکە بۆ عێراق.

هەروەها، بەمەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی نرخی شتومەک و پێداویستییەکان لە مانگی رەمەزاندا، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە چاودێری کردنی بازاڕ و رێوشوێنی توند بەرامبەر بەو کەسانە دەگرنە بەر کە گۆڕانکاری لە نرخەکاندا دەکەن.













گەلەری