سەردێڕ:

باج بەسەر ئەم پیشەوەرانەدا دەسەپێندرێت؛ شۆفێری تەکسیەکانیش دەگرێتەوە

AM:10:13:16/03/2024

32216 جار خوێندراوەتەوە

دەسەڵاتی گشتی باجی عێراق رایگەیاند، بەمەبەستی بەرزکردنەوەی داهاتی باج و داهاتی نانەوتی ٨٥ دامەزراوە نوێ کە سەربەخۆ کاردەکەن بەبێ ئەوەی باج بدەن، باجیان بەڕیژەی ١٥٪ بۆ٣٠٪ بەسەردا دەسەپێنن، بە تایبەت کۆمپانیاکانی تەکسی، ریکلامی سۆشیال میدیا، کەسایەتییە ناودارەکان، هۆتێلەکان و چێشتخانەکان.


ئەمڕۆ شەممە، عەلی عەلاوی سەرۆکی دەستەی گشتی باج بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، لە ئێستادا زیاتر لە ٨٥ دامەزراوەی جیاواز هەیە کە بەبێ پێدانی هیچ بڕە باجێک کارەکانیان دەکەن و قۆرخکاری لە نرخەکانیشیاندا دەکەن و دەبێت کۆنتڕۆڵ بکرێن.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەمەمەبەستی بەرزکردنەوەی داهاتی باج و کۆنتڕۆڵکردنی نرخی کەرەستە خزمەتگوزارییەکان سەرجەم کۆمپانیاکانی تەکسی و چێشتخانەکان و کەسایەتیە بەناوبانگەکان کە ریکلام دەکەن بەبێ پێدانی هیچ باجێک، لە رۆژی ١٧ـی ئازارەوە یاسای باج دەیانگرێتەوە.

باسی لەوەش کرد، لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە رەزامەندی دراوە لەسەر وەرگرتنی ١٥٪ـی باج لەسەر داهاتی ئەو ٨٥ دامەزراوەیە. دەشڵێت، "سەبارەت بە ریکلامی کۆمپانیاکان لە سۆشیاڵ میدیا لە هەوڵدان کە بەرێژەی ٣٠٪ باج وەربگرن وەک هەر وڵاتێکی تری جیهان و بۆ ئەو مەبەستەش سەرجەم ئەو کۆمپانیا و فرۆشگایانەی کە ریکلامەکانیان لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوکردووەتەوە باج دەیانگرێتەوە".

جەختی لەوەش کردەوە، بە گوێرەی بەدواداچوونەکانیان مانگانە نزیکی شەش ملیار دینار وەک داهاتی باج لەسەر ئەو ٨٥ دامەزرارەوەیە دەگەڕێتەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی باج.

ئەوەس لە کاتێکدایە، هەرێم ماوەی زیاترە لە چوار ساڵە ٤٥٠ جۆر باجی بەسەر هاوڵاتییان و چێشتخانەکان و هۆتێلەکاندا سەپاندووە کە بە هۆیەوە داهاتی باج بە رێژەی ٦٠٨٪ بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە دیوە بەراورد بە ٨ ساڵی رابردوو.













گەلەری