سەردێڕ:

بازرگانێکی مەترسیدار بە چەند جۆرێک چەک و مادەی هۆشبەرەوە دەستگیر کرا

PM:10:52:15/03/2024

2112 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و ئاسایشی عێراق رایگەیاند، یەکێک لە مەترسیدارترین بازرگانەکانی مادەی هۆشبەریان لە پارێزگای میسان دەستگیر کردووە و دەستیان بەسەر شەش کیلۆ مادەی هۆشبەر و هەشت نارنجۆک و نۆ جۆر مووشەکی جیاوازدا گرتووە.


ئەمڕۆ هەینی، بەڕێوەبەرایەتی هەواڵگری و ئاسایش لە وەزارەتی بەرگری عێراق رایگەیاند، بە پشت بەستن بە زانیارییە هەواڵگرییەکان و دوای ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنێک یەکێک لە مەترسیدارترین بازرگانەکانی مادەی هۆشبەریان لە پارێزگای میسان دەستگیر کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، دوای دەستگیرکردنی؛ تۆمەتبارەکە دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە لە ناوچەی عوزێر چەندین جۆر چەک و مادەی هۆشبەری لە ژێر زەویدا شاردووەتەوە.

ئەوەشی خستە روو، توانیویانە سەرجەم ئەو مادە و چەکانە بدۆزنەوە کە شەش کیلۆ مادەی هۆشبەر و هەشت نارنجۆک و نۆ جۆر مووشەکی جیاواز بوون.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٤ـی مانگی ئازار عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا لە ئەنجامی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانیان توانیویانە هەزار و ٤٣١ کەس بە تۆمەتی بارزگانیکردن بە مادەی هۆشبەر دەستگیر بکەن هاوکات، دەستیان بەسەر بەسەر ٣٩٠ کیلۆ مادەی هۆشبەردا گرتووە. وتیشی، " بەردەوام دەبین لە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان بە ئامانجی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی بازرگانی بە مادەی هۆشبەرەوە دەکەن".













گەلەری