سەردێڕ:

نەوتی عێراق: تاوەکو سەرەتای ساڵی داهاتوو کۆتایی بە هاوردەکردنی بەنزین دەهێنین

PM:05:20:15/03/2024

940 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، پلانیان داڕشتووە تاوەکو سەرەتای ساڵی داهاتوو کۆتایی بە هاوردەکردنی بەنزین بهێنن و لە ئێستادا لە دوای کارپێکردنی پاڵاوگەی کەربەلا بڕی هاوردەکردنی بەنزین لە ١٤ ملیۆن لیترەوە کەم کراوەتەوە بۆ حەوت ملیۆن لیتر.


ئەمڕۆ هەینی، حوسێن تالیب بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان لە وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، گەیشتن بە خۆبژێوی لە بەرهەمە نەوتییەکان و کۆتایی هێنان بە هاوردەکردنیان پەیوەستە بە تەواوکردنی پڕۆژەکانی پاڵاوگە نیشتیمانییەکان.

ئاماژەی بەوەش کرد، دوای کردنەوەی پاڵاوگەی کەربەلا و کارپێکردنی، هاوردەکردنی بەرهەمی بەنزین لە ١٤ ملیۆن لیترەوە کەم کرایەوە بۆ حەوت ملیۆن لیتر، هەروەها کۆتایی هێنرا بە هاوردەکردنی رۆن و نەوتی سپی.

ئەوەشی خستە روو، دوای کەوتنە کاری پاڵاوگەی نەوتی باکوور، هاوردەکردنی بەنزین بە بڕی سێ ملیۆن لیتری دیکە کەم دەبێتەوە و تاوەکو سەرەتای ساڵی داهاتوو کۆتایی بە هاوردە کردنی بەنزین دەهێنن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٥ـی مانگی ئازار حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، پڕۆژەیەکی ئومێدبەخش لە پاڵاوگەکانی باشووری عێراقدا هەیە بۆ بەرهەمهێنانی بەنزین بە توانای ٤٥٠٠ مەتر سێجا. وتیشی، " ئەو پاڵاوگانە دەبنە هۆی ئەوەی هاوردەکردنی بەنزین نەهێڵین یان کەمی بکەینەوە و پێشبینی دەکەین لە دوای ساڵی ٢٠٢٥ هاوردەکردنی وەرگیراوەکان لە نەوت رابگرین".













گەلەری