سەردێڕ:

وەزیری کارەبای عێراق: تا كۆتایی ئه‌مساڵ ٥٠٠ مێگاوات بۆ کارەبای عێراق زیاد ده‌كەین

PM:04:38:15/03/2024

2188 جار خوێندراوەتەوە

وه‌زیری كاره‌بای عێراق رایگەیاند، تا كۆتایی ئه‌مساڵ ٥٠٠ مێگاوات كاره‌با له‌ هێڵی كه‌نداوه‌وه‌ بۆ به‌رهه‌می كاره‌بای عێراق زیاد ده‌كەن. دەشڵێت، " زۆرینەی گرێبه‌سته‌كانی به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستنی هێڵه‌كانی كاره‌با له‌ قۆناغی جێبه‌جێكردندان".


ئەمڕۆ هەینی، زیاد عه‌لی وه‌زیری كاره‌بای عێراق بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند، زۆرینەی گرێبه‌سته‌كانی به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ستنی هێڵه‌كانی كاره‌با لەگەڵ وڵاتانی ئوردن و سعودیە و دوو وڵاتی دیکە له‌ قۆناغی جێبه‌جێكردندان.

ئاماژەی بەوەش کرد، به‌ستنی هێڵه‌كانی کارەبا له‌گه‌ڵ ئوردن و سعودیه‌ گه‌یشتوونه‌ته‌ قۆناغی كۆتایی و ته‌نها ئه‌وه‌ی ماوه‌ كاره‌با بخرێته‌سه‌ر تۆڕی گشتی.

ئەوەشی خستە روو، هێڵی کارەبای كه‌نداو کە لە نێوان کوەیت و عێراقدایە تا كۆتایی ئه‌مساڵ ته‌واو ده‌بێت و ٥٠٠ مێگاوات کارەبا ده‌خه‌نە‌ سه‌ر بڕی به‌رهه‌مهێنانی كاره‌بای گشتی عێراق.

لە بارەی کارەبای ئێرانەوە، باسی لەوە کرد، سەرجەم هێڵه‌كانی کارەبای ئێران بۆ عێراق تەواو کراون و کاردەکەن. وتیشی،" لە ئێستادا پێویستمان بە بەشێک لەو هێڵانە نییە و تا کاتی پێویست کارەباکەی بەکارناهێنین".

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٢٦ـی مانگی شوباتی ئەمساڵ ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، لەگەڵ سێ وڵاتدا سەرقاڵی رێککەوتنن بۆ ئەوەی غازی سروشتی هاوردەی عێراق بکەن بەمەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا. وتیشی، "هەوڵەکانمان بەردەوامە بۆ ئەوەی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا زیاتر بکەین".













گەلەری