سەردێڕ:

عێراق چوار ملیۆن دینار و پارچەیەک زەوی دەداتە ئەم خێزانانە

PM:03:37:15/03/2024

2280 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، هەر خێزانێکی ئاوارە بگەڕێتەوە ناوچەکانی خۆیان بڕی چوار ملیۆن دیناریان وەک قەرەبوو پێدەدرێت. دەشڵێت "هەر خێزانێکی ئاوارەی شنگال بگەڕێتەوە ناوچەکەی خۆی چوار ملیۆن دیناری لەگەڵ پارچە زەوییەک پێدەدرێت".


ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، بەمەبەستی جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق سەبارەت بە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان بڕیاردراوە بە پێدانی چوار ملیۆن دینار بە هەرخێزانێک.

ئاماژە بەوەش کراوە، هەر خێزانێک کە گەڕاوەتەوە ناوچەکانی خۆیان لە ئێستادا دەتوانێت داواکاری بۆ وەرگرتنی چوار ملیۆن دینار پێشکەش بکات، بەتایبەت ئاوارەکانی شنگال کە لە کاتی گەڕانەوەیاندا چوار ملیۆن دیناریان وەک قەرەبوو لەگەڵ پارچە زەویەک پێدەدرێت.

باس لەوەش کراوە، بە گوێرەی پلانێکیش کە خراوەتە روو هەر ئاوارەیەک کە گەڕاوەتەوە ناوچەکەی خۆی جگە لە قەرەبووکردنەوەی ماددی لە کەرتی گشتی بەتایبەت کەرتی پەروەردە دادەمەزرێندرێن. دەشڵێت،" ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، وەزارەتی پەروەردەی پابەند کرد بە تەرخانکردنی رێژەی ٢٪ـی دامەزراندنی خێزانە ئاوارەکان کە بڕیارە لە مانگی ئازارەوە لە چەند پارێزگایەک دەستپێبکات". 

ئەوەش لە کاتێکدایە، لە کۆبوونەوەی رۆژی ٢٤ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵ لەلایەن محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڕیاردرا کە سندوقی ئاوەدانکردنەوەی شنگال و نەینەوا و سندوقی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە ئازادکراوەکان لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە راسپێردران کە زەوی بەسەر ئەو خێزانە ئاوارانەدا دابەشبکەن کە دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.













گەلەری