سەردێڕ:

سودانی: پارەی سەرجەم ئەو هەژمارانەی لە دەرەوەی وڵاتدا هەن دەگەڕێندرێتەوە عێراق

PM:10:57:14/03/2024

2648 جار خوێندراوەتەوە

نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق سەبارەت بە قەرزەکانی بانکە بازرگانییەکانی عێراق لەگەڵ هەریەک لە وەزیری دارایی عێراق و پارێزگاری بانکی ناوەندی لە کۆبوونەوەدایە. دەشڵێت، "سەرجەم ئەو هەژمارانەی کە لەدەرەوەی وڵاتدا هەن پارەکانیان دەگەڕێندرێتەوە عێراق".


ئەمڕۆ پینجشەممە، نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، کەمێک پێش ئێستا محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ هەریەک لە تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق و عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی و محەمەد نەجار راوێژکاری گەشەپێدانی ئابووری سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە.

ئاماژە بەوەش کراوە، کۆبوونەوەکە سەبارەت بە قەرزی بانکە بازرگانییەکانی عێراق بووە بەتایبەتی بانکی بازرگانیی عێراق و داواش کراوە سەرجەم ئەو بانکانەی کە قەرزاری بانکە حکومییەکانن قەرزەکانیان بگەڕێننەوە.

باس لەوەش کراوە، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق راسپێردراوە بە دانانی پلانێکی دارایی بە مەبەستی گەڕاندنەوەی قەرزی بانکە ئەهلییەکان کە لەماوەکانی رابردوودا داواکاریان پێشکەشی بانکە حکومییەکان کردبوو، بەتایبەت بانکی رەشید و رافیدەین.

ئەوەش خراوەتە روو، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی راسپێردراوە بە دانانی میکانیزمێکی نوێ سەبارەت بە ئەو هەژمارانەی کە بلۆککراون و لەدەرەوەی عێراقدان. دەشڵێت، "سەرجەم ئەو پارانە دەگەڕێندرێتەوە بۆ هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق و لە سبەینێ هەینی دەست بە رێکارەکان دەکرێت".

هاوکات سەبارەت بە گەشەپێدانی ئابووری عێراق داواکراوە کە محەمەد نەجار راویژکاری سودانی بۆ کاروباری ئابووری سەرپەرشتی سەرجەم هەنگاوەکانی داهاتووی ناوەندە ئابوورییەکان بکات.

ئەوەش لە کاتێکدایە، شەوی رابردوو محەمەد شیاع سوودانی سەبارەت بە پرسی ئابووری و دارایی عێراق سەردانی ئەنقەرەی کرد و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی تورکیا کۆبووەوە و بڕیاردراوە بە فراوانکردنی ئاستی ئابووری نێوان عێراق و تورکیا بە رێژەی ٥٠٪ بۆ ئەمساڵ.













گەلەری