سەردێڕ:

وردەکاری کۆبوونەوەی لوتکەی ئاسایشی تورکیا و عێراق

PM:10:44:14/03/2024

2408 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لە میانەی کۆبوونەوەیان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا و چەند بەرپرسێکی تورکیا پرسی ئاسایشی هەرێم و داهاتووی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کرا. وتیشی، "پێشبینی دەکەین ئایندەیەکی باشمان لەپێش بێت".


فوئاد حوسین وەزیری دەرەوەی عێراق بە میدیا عەرەبییەکانی راگەیاند، سەر لە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە بەمەبەستی چارەسەرکردنی پرسی ئابووری و رێگای گەشەپێدانی ئابووری عێراق و تورکیا شاندیکی باڵای تورکیا بە یاوەری هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە بەغدا.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری تاوتوێی کۆمەڵێک پرسی دووقۆڵی نێوان عێراق و تورکیا کراوە بەتایبەت سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا کە بڕیارە مانگی نیسان سەردانی بەغدا بکات.

باسی لەوەش کرد، جەختیان لە بەهێزکردنی هەماهەنگی لە بواری ئاسایش، بازرگانی، وزە، ئاو، کەلتوور و هەموو ئەو بوارانەی دیکە کردووەتەوە کە لە بەرژەوەندیی هەمیشەیی نێوان عێراق و هەرێم و تورکیایە و پێویستە بپارێزرێن. وتیشی، " داوا کراوە کە پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم یەکلایی بکرێتەوە و بەخێرایی رێکارەکانی ناردنی نەوتی هەرێم لە رێگای بەندەری جەیهانەوە چارەسەر بکرێت".

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ شاندێکی باڵای تورکیا گەیشتنە بەغدا و سەبارەت بە دەستپێکردنەوەى هەناردەى نەوت و پرسەکانى تایبەت بە ئاسایش و بەرگرى لەگەڵ بەرپرسانی عێراق کۆبوونەوە.













گەلەری