سەردێڕ:

سەبارەت بە بانکە سزادراوەکانی عێراق؛ بانکی ناوەندی رێکارێکی نوێ دەگرێتە بەر

PM:08:35:14/03/2024

4920 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری بانکی ناوەندی رایگەیاند، لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا سەبارەت بە بانکە سزادراوەکان لە گفتوگۆدان بۆ کەمکردنەوەی سزاکان لەسەریان بە مەبەستی فراوانکردنی ئاستی بازرگانی ناوخۆیی و دەرەکی. دەشڵێت، "ئاستی مامەڵەکردنی ئەو بانکانە بە دۆلار بەیەکجاری رادەگیرێت".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، سەبارەت بە بانکە سزادراوەکان لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا لە گفتوگۆدان و داواش کراوە کە بە رێکارێکی تر سەرجەم بانکەکان بخرێنە ژێر چاودێری سیستمی بانکی نێودەوڵەتییەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەوڵدەدرێت سزای بانکە سزادراوەکان کەمبکرێتەوە تا بتوانن بەشداربن لە مامەڵەکردن بە پێنج دراوەکەی تر نەوەک دۆلار چونکە ئەو بانکانە لەسەر داواکاری بانکی ناوەندییەوە سزادراون و مامەڵەکردنیان بە دۆلار راگیراوە.

باسی لەوەش کرد، لە ساڵی رابردوودا بەبڕی زیاتر لە ١٤٠ ملیار دینار سزای داراییان بەسەر ئەو بانکانەدا سەپاندووە کە سەرپێچییان کردووە و پابەندی یاساکان نەبوون.

سەبارەت بە ناجێگیری نرخی دۆلار ئەوەی خستە روو، هۆکاری ناسەقامگیری دۆلار بەهۆی بازرگانە بچوکەکان و کۆمەڵێک دەستەی قۆرخکارەوە بووە بۆیە هەوڵدەدرێت لەرێی ئەو بانکانەوە کۆنتڕۆڵی مامەڵەکانیان بکرێت. وتیشی، "لەمەودوا سەرجەم ئەو بازرگانە بچوکانە لەگەڵ ئەو بانکە سزادراوانەدا بە پێنج دراوەکەی تر مامەڵە دەکەن".

وتیشی، هیچ پلانێکیان نییە کە دراوی تری عێراقی چاپبکەن بەڵکو ئەوە دەگەڕێتەوە سەر پێویستی وەزارەتی دارایی بۆ چاپی نوێی دینار بۆ تەواوکردنی مامەڵەداراییەکان و بازرگانییە ناوخۆییەکان.

ئەوەش لە کاتێکدایە، بەهۆی پابەند نەبوون بە یاساکانی بانکی ناوەندی و سیستمی بانکی نێودەوڵەتییەوە تا ئێستا ٢١ بانک سزادراون و هەشت بانکی تریش لە ژێر چاودێریدا ماونەتەوە.













گەلەری