سەردێڕ:

ئەلینا رۆمانۆسکی: لەگەڵ عێراقدا دەمێنینەوە بۆ پاراستنی ناوچەکە لە مەترسییەکان

AM:09:31:14/03/2024

1476 جار خوێندراوەتەوە

باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، هەمیشە لەگەڵ عێراقدا دەمێننەوە بۆ پاراستنی ئارامی ناوچەکە لە هەر مەترسییەک و هێرشی گروپە چەکدارەکان. دەشڵێت، "دەمانەوێت لەگەڵ عێراقدا لە پەیوەندییەکی ئابووری و کولتوری بەهێزدا بین".


ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، تا ئێستا مەترسی گروپە چەکدارە لەیاسادەرچووەکان لە عێراق ماوە و بۆ پاراستنی سەقامگیری ناوچەکە هەمیشە وەک پاڵپشتییەک لەگەڵ عێراقدا دەمێننەوە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، دەیانەوێت هێزە عێراقییەکان ئەوەندە بەهێز بن کە بتوانن بەرپەرچی هەموو مەترسیییەک بدەنەوە لە داهاتوودا و هەر بۆ ئەو مەبەستەش کۆنگرێس هێزە ئەمنییەکانی لە ناوچەکەدا بەهێزتر کردووە.

دەشڵێت، "دەمانەوێت لەگەڵ عێراقدا لە پەیوەندییەکی ئابووری و کولتوری بەهێزدا بین".

ئەوەشی خستووەتە روو، لەم دواییانەدا، سوپای باڵای ئەمریکا-عێراق دانوستانیان ئەنجامداوە سەبارەت بە کۆتاییپێهێنانی کارەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەکانی رابردوودا ئەلینا رۆمانۆسکی رایگەیاند، ئەمریکا و وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی گروپە چەکدارەکانی عێراق، بەردەوام دەبن لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو گروپانە.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە ساڵی ٢٠١٤دا بە بەشداری ٨٧ وڵات دامەزرا بۆ ئەوەی رووبەڕووی گروپە چەکدارە لەیاسادەرچووەکان ببنەوە.

١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٤ هێزە چەکدارەکان هێرشێکی بەرفراوانیان بۆ ناوچەکانی باکووری عێراق دەستپێکرد، بەو هۆیەشەوە شاری موسڵ سەنتەری پارێزگای نەینەوا کە بەدووەم گەورەترین شاری عێراق دادەنرێت کەوتە دەست گروپەچەکدارەکانەوە، بەوھۆیەوە زیانی زۆری گیانی و ماددی لێکەوتەوە و ژمارەیەکی زۆری خەڵکی شارەکە و ناوچەکانی دەوروبەری پارێزگاکە ئاوارەبوون.

رۆژی ١٧ی تشرینی یەکەم ٢٠١٦ ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی موسڵ لەلایەن سوپای عێراق و پێشمەرگە بەپاڵپشتی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە گروپە چەکدارەکان دەستیپێکرد و رۆژی ١٠ی تەمموزی ٢٠١٧، دوای شەڕێکی سەخت، شارەکە بەتەواوی کۆنتڕۆڵکرایەوە.

دواتر حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی پێشووی عێراق، سەرکەوتنی تەواوەتیان بەسەر گروپەچەکدارەکاندا راگەیاند.













گەلەری