سەردێڕ:

بۆ دابەزاندنی نرخەکەی؛ کشتوکاڵی عێراق ئاژەڵی زیندوو بەسەر شارەکاندا دابەش دەکات

PM:05:07:13/03/2024

1072 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، بەردەوام دەبن لە رێکارەکانیان بۆ ئەوەی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی عێراقدا داببەزێنن. دەشڵێت،" دەستمان کردووە بە دابەشکردنی گوێرەکەی زیندوو بەسەر ناوچە جیاوازەکانی عێراقدا".


ئەمڕۆ چوارشەممە، عەباس جەبر، وەزیری کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، لە رێگەی رێکارە نوێکانیانەوە هاوڵاتیان دڵنیا دەکەنەوە لەوەی کە نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکاندا دادەبەزێنن و ئەو بەرزبوونەوەی کە هەیە کاتییە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو ١٩ هەزار سەر گوێرەکەیەی لە رێگەی دەریاوە گەیشتوونەتە عێراق ، بەسەر ناوچە جیاوازەکانی عێراقدا دابەشی دەکەن و بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەری دەبێت لەسەر دابەزاندنی نرخی گۆشتی سوور.

هاوکات، دوێنێ سێشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا، باجی گومرگی لەسەر گوێرەکە و مەڕ و مانگای هاوردەکراو بە رێژەی ٥٠٪ کەم بکاتەوە، وەک هەوڵێک بۆ کەمکردنەوەی نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکاندا.

ئەمەش لە کاتێکدایە ، لە ماوەکانی رابردوودا بەشێوەیەکی بەرچاو نرخی گۆشتی سوور لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمدا بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینی، بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی کشتووکاڵی عێراق ١٩ هەزار سەر گوێرەکەی لە بەرازیلەوە هاوردەی عێراق کرد و چەند رێکارێکی دیکەی بۆ دابەزاندانی نرخی گۆشتی سوور گرتووەتە بەر.













گەلەری