سەردێڕ:

بازرگانیی عێراق: لە رێگەی دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکییەوە نرخمان سەقامگیر کردووە

PM:03:31:13/03/2024

776 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، لە رێگەی دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکییەوە بەردەوام دەبن لە سەقامگیرکردنی نرخی شتومەک و پێداویستییەکان لە بازاڕەکاندا. دەشڵێت،" لەگەڵ پێنج لایەنی حکومەتی عێراقدا رێککەوتوون لەسەر بەردەوام بوونی دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکی بە درێژایی مانگی رەمەزان".


ئەمڕۆ چوارشەممە، محەمەد حەنون وتەبێژی وەزارەتی بازرگانیی عێراق رایگەیاند، نرخی خۆراک لە بازاڕەکاندا بە جێگیری ماوەتەوە بەهۆی ئەوەی بڕێکی زۆری سەبەتەی خۆراکیان دابەش کردووە بەسەر هاوڵاتیاندا کە ١١ مادەی خۆراکی تێدایە.

ئاماژەی بەوەش کردووە، بۆ ئەوەی بەبەردەوام نرخی شمەک و پێداویستییەکان بە جێگیری بمێنێتەوە و رێگری بکەن لە قۆرغکاری لە بازاڕەکاندا لەگەڵ پێنج لایەنی حکومەتی عێراقدا بەردەوام دەبن لە دابەشکردنی سەبەتەی خۆراکی و بەردەوام کۆگاکانی پێداویستییەکان بە پڕی دەهێڵنەوە.

دەشڵێت،" داوایەکمان ئاڕاستەی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق کردووە بۆ ئەوەی لیستی نرخی خۆراکەکان بۆ مانگی رەمەزان رابگەیەنین و لە ئێستادا گەیشتوونەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو".

لە ماوەی رابردوودا وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، لیژنەکانیان بەردەوام دەبن لە چاودێریکردنی بازاڕەکان ، بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بەرامبەر بەو کەسانە بگرنەبەر کە نرخی شمەک و پێداویستییەکان بەرز دەکەنەوە.













گەلەری