سەردێڕ:

کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: ٧٩ خێزانی ئاوارە لە دهۆکەوە گەڕانەوە شنگال

PM:03:22:12/03/2024

724 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، ئەمڕۆ ٧٩ خێزانی ئاوارە لە کەمپەکانی دهۆک گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان لە شنگال.


ئەمڕۆ سێشەممە، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، بەردەوامن لە هەوڵەکانیان بۆ گەڕاندنەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین جۆر هاوکارییان پێشکەش بەو خێزانانە کردووە کە دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئەمڕۆدا ٧٩ خێزانی ئاوارە لە کەمپەکانی دهۆک گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان لە شنگال.

ئەوەشی خستە روو، هەموو ئاسانکارییەکی پێویست بۆ ئەو ئاوارانە دابین کراوە کە دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان.

پێشتر، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، چەند وەزارەتێک پاڵپشت و هاوکاریانن بۆ ئاسانکاری لە گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچەکانی خۆیان، لەوانە وەزارەتی گواستنەوە لە رێگەی دابینکردنی هەلی کار بۆ ئاوارەکان، وەزارەتی پەروەردە بە دامەزراندنی بەشێک لە مامۆستایانی ئاوارە و وەزارەتی کاریش بە زیادکردنی بەشێک لە ئاوارەکان لە تۆڕی چاودێری کۆمەڵایەتی و پێدانی قەرز پێیان.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ماوەکانی رابردوودا، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە زیادکردنی بڕی ئەو یارمەتییەی کە بۆ هاندانی گەڕانەوەی ئاوارەکان دابینکراوە لە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینارەوە بۆ چوار ملیۆن دینار.













گەلەری