سەردێڕ:

وەزارەتی بازرگانی: بۆ یەکەمجار کەرەستەی خۆراکی بۆ ماوەی شەش مانگ کۆگا کراوە

AM:11:41:12/03/2024

872 جار خوێندراوەتەوە

بریکاری وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لە مێژووی وەزارەتەکەدا توانراوە لە رێگای تەکنیکێکی نوێوە کەرەستەی خۆراکی بۆ ماوەی شەش مانگ کۆگا بکرێت. دەشڵێت، "کۆگاکردنەکە هاوکاردەبێت لە کەمکردنەوەی مەترسی ئاسایشی خۆراک".


ئەمرۆ سێشەممە، ستار جابری بریکاری وەزارەتی بازرگانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، بۆ یەکەم جار لەماوەی ٥٦ ساڵی رابردوودا لە رێگای ستراتیژی کۆگاکردنی وەرزییەوە کەرەستەی خۆراکی و دانەوێلە بۆ ماوەی شەش مانگی داهاتوو عەمبار کراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو تەکنیکە هاوکار دەبێت لە رێگریکردن لە دروستبوونی مەترسی لەسەر ئاسایشی خۆراک و بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک لە بازاڕەکانی ناوخۆدا.

ئەوەشی خستە روو، لە ئێستادا زیاتر لە پێنج ملیۆن و ٢٠٠ هەزار تۆن دانەوێلە کۆگاکراوە کە هاوکاردەبێت لە پاراستنی سەقامگیری نرخی خۆراک لە مانگەکانی دهاتوودا. وتیشی، "ئەو کەسانەی کە بێکارن و لە چاودێری کۆمەڵایەتی تۆمارکراون لەم ساڵدا ٢٤ بەشە خۆراک وەردەگرن کە لە ١٠ ماددەی خۆراکی پێکدێت".

ئەوەش لە کاتێکدایە، رۆژی ٨ـی ئازاری ئەمساڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، هەوڵدەدرێت لە رێگای تەکنیکێکی نوێی کۆگاکردنەوە دانەوێڵە و بەشەخۆراکی هاوڵاتیان هەڵبگیرێت کە دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی بەردەم ئاسایشی خۆراک.













گەلەری