سەردێڕ:

لە یەکەم قۆناغدا چوار دەروازەی سنووری عێراق کرانە ئەلیکترۆنی؛ هەرێمیش دەگرێتەوە

AM:10:21:12/03/2024

1592 جار خوێندراوەتەوە

بانکی رافیدەین رایگەیاند، لەسەر راسپاردەی وەزارەتی دارایی رێکارەکانی بە ئەلیکترۆنیکردنی چوار دەروازەی سنووری لە ناوەڕاست و باشووری عێراق دەستی پێکرد. دەشڵێت، " لە رێگەی بە ئەلیکترۆنیکردنی دەروازە سنوورییەکانەوە داهاتی سەرجەم دەروازەکان دەگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق".


ئەمڕۆ سێشەممە، بانکی رافیدەین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە و تێیدا هاتووە، هەریەک لە سیستیمی دەروازە سنوورییەکانی (زورباتیە، سەفوان،ئارار و ترێبل) بە سیستمی ئەلیکترۆنی بانکەکەوە بەستراونەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەسەر راسپاردەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ گۆڕانکاری لە مامەڵەی دەروازە سنوورییەکان لە سیستمی دارایی نەختینەوە بۆ ئەلیکترۆنی ئەو هەنگاوە نراوە و پێشبینیش دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ سەرجەم دەروازە سنوورییەکان بکرێنە ئەلیکترۆنی.

باسی لەوەش کرد، سیستمی دارایی دەروازە سنوورییەکان لە رێگەی سەکۆی ئەلیکترۆنی تایبەتەوە دەبەسترێتەوە بە وەزارەتی دارایی عێراق و ئاگاداری سەرجەم مامەڵەداراییەکانی دەروازە سنوورییەکان دەبن.

وتیشی، "بەمەبەستی فراوانکردن و بەرزکردنەوەی داهاتی نانەوتی و دەروازە سنوورییەکان ئەم هەنگاوەمان ناوە و لە یەکەم قۆناغدا سەرجەم دەروازە سنورییەکان هاوتادەکەین بە سیستمی ئەلیکترۆنی وەزارەتی دارایی عێراقەوە".

ئەوەش لە کاتیکدایە، رۆژی ١٨ـی کانوونی یەکەمی ساڵی رابردوو، ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەسەر پرسی بەڕێوەبردن و هاوتاکردنی سیستمی دەروازە سنوورییەکان لەگەڵ بەغدا رێککەوتون. وتیشی، "لە ساڵی نوێوە رێککەوتنەکە دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە".













گەلەری