سەردێڕ:

وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق: ١٥٧ خێزانی ئاوارە لە کەمپی هولەوە گەڕانەوە زێدی خۆیان

AM:08:51:11/03/2024

788 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، ١٥٧ خێزانی ئاوارە لە کەمپی هولەوە لە باکوری رۆژهەلاتی سوریا گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان لە عێراق.


عەلی عەباس وتەبێژی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان بەردەوامە و لە دوو رۆژی رابردوودا ١٥٧ خێزانی ئاوارە کە ژمارەیان ٦٥٢ کەس بوو لە کەمپی هولەوە گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.

ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو خێزانە ئاوارانەی گەڕاونەتەوە عێراق سەرەتا بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک یاخود چەند مانگێک لە کەمپی جەدعە لە عێراق دەمێننەوە و دوای ئەنجامدانی پشکنین بۆیان دەگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان. 

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٢ـی ئەم مانگە قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانیی عێراق رایگەیاند، تا ئێستا هەزار و ٩٢٤ خێزانی ئاوارەیان لە کەمپی هولەوە گەڕاندووەتەوە زێدی خۆیان کە حەوت هەزار و ٥٥٦ هاوڵاتییان عێراقی بوون. وتیشی، "لەو ژمارەیە هەزار و ٢٣٠ خێزان بە ویستی خۆیان گەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان".

رۆژی ٢٨ـی مانگی شوباتی ئەمساڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق رایگەیاند، ئەو هاوڵاتییە عێراقییانەی لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی شەڕی هێزە چەکدارەکانەوە ئاوارەی هەرێمی کوردستان بوون، بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان دایاندەمەزرێنن یان کاریان بۆ دەدۆزنەوە.

پێشتریش، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا بە زیادکردنی بڕی ئەو یارمەتییەی کە بۆ هاندانی گەڕانەوەی ئاوارەکان دابینکراوە لە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار دینارەوە بۆ ٤ ملیۆن دینار.

لە ساڵی ٢٠١٤دا جەنگی دژ بە گروپەچەکدارەکان لە عێراق سەریهەڵدا، بەو هۆیەشەوە ملیۆنان کەس ناوچەکانی خۆیان جێهێشت بەمەبەستی دوورکەوتنەوەیان لە ئاڵۆزییەکانی ئەو جەنگە.

کەمپی هول دەکەوێتە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا و زیاتر لە ٤٣ هەزار کەس لەخۆدەگرێت کە بە رەگەز عێراقی و سوری و بیانییەکانی نزیکەی ٤٥ وڵاتی دیکەی تێدایە.













گەلەری